سامانە سروشتیەكان: لەگەڵ بەغدا لەسەر بەنزین و نەوت رێكەوتین

كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكان دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی دابینكردنی نەوتی سپی و بەنزین رێككەوتوون و لە داهاتویەكی نزیكدا دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكرێت.


كەمال ئەترووشی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق رێككەوتوون لەسەر ئەوەی بە سێ قۆناخ نەوت بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمدا دابەشبكرێت، لە قۆناخی یەكەمدا كە لەم رۆژنەدا دەستپێدەكات 50 ملیۆن لیتر نەوت دەگەیەننە گوندەكانی ناوچە شاخاوییەكان، لە قۆناخی دووەمدا 50 ملیۆن لیتر بەسەر قەزا و ناحییەكاندا و لە قۆناخی سێیەمیشدا 50 ملیۆن لیتری دیكە بەسەر شارە گەورەكاندا دابەش دەكەن.


سەبارەی نرخ و كوالێتی نەوت وتی، لە دەرەوە هاوردە دەكرێت و كوالێتییەكی بەرزی دەبێت، حكومەتی عێراق لیتری بە 750 دینار دەكڕێت و بە 400 دینار دەیفرۆشێتەوە بە هەرێم، ئێمەش تەنیا حەقی گواستنەوەكە دەخەینە سەر كە چەند دینارێك دەبێت بۆ یەك لیتر و دابەشی دەكەین.


هەرچی سەبارەت بە بەنزینە ئەتروشی باسی لەوە كرد، رێككەوتنێكی نوێمان كردووە كە رۆژانە بڕی یەك ملیۆن و 80 هەزار لیتر بەنزین رەوانەی هەرێم بكرێت، ئەو كێشەیەی بۆ پاڵاوگەی بازیانیش دروست بوو چارەسەر كراوە، بەمەش كێشەی بەنزین تاڕادەیەك چارەسەر دەبێت، بەڵام گرفتەكە بنبڕ نابێت و پێویستی بە پلانێكی ستراتیژییە.

پەیوەندیدار