ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ ئەم کەسانە دەکرێتە ناچاری

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رێژەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ١٩٪ بەرزبووەتەوە، دەشڵێت، “ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ مامۆستا و فەرمانبەران و ئەو کەسانەی لە شوێنە داخراوەکاندا کار دەکەن دەکرێتە ناچاری”.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندرووستی حکومەتی هەرێم بە میدیای پارتی راگەیاندووە، رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ١٩٪ بەرزبووەتەوە و داواش لە هەموو هاوڵاتیانی کوردستان دەکات کە “ڤاکسینی کۆرۆنا” وەربگرن.

وەزیری تەندرووستی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ مامۆستا و فەرمانبەران و ئەو کەسانەی لە شوێنە داخراوەکان کاردەکەن، دەکرێتە ناچاری، هاوکات، “رەتیشکردەوە دەرگای قوتابخانەکان دابخرێن”.

سامان بەرزنجی باسی لەوەشکردووە، پێویستە هەموو هاوڵاتیانی کوردستان ده‌ستپێشخه‌ری بكه‌ن و ڤاكسینی كۆرۆنا وه‌ربگرن، دەشڵێت، “ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌رووی ١٨ ساڵییه‌وه‌ن، په‌له‌ بكه‌ن له‌ وه‌رگرتنی ڤاكسین”.

تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان، ٣٥٥ هەزار و ٥٤١ کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، شەش هەزار و ٢٦٥ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ٣٣٣هەزار و ٢٥٧ کەسیش، لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا (COVID 19)، لەکۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا لە شاری وهانی چین بڵاوبووە و دوای ماوەیەک زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتەوە و تائێستاش، نزیکەی ٢٤٤ ملیۆن و ١٣٩ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکەبوون، چوار ملیۆن و ٩٥٩ هەزار و ٦٨٠ هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

پەیوەندیدار