دوای دەرکردنی تورکیا لەبەرنامەی فڕۆکەی شەبەحی F-35ی ئەمریکی بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی S-400ی ڕوسیی، ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکا پەیامێکیان ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردوەو داوادهكهن، تەنانەت واشنتۆن فڕۆکەی جۆریF-16 ش بەتورکیا نەفرۆشێت.
کۆنگرێسمانەکان لەنامەکەدا کە بۆ ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایان ناردوە دەڵێن:”ناکرێت ئهمریكا ڕێگەبدات ئیدارەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا خۆی لەو لێپرسینەوەیە بدزێتەوە کە بەهۆی پێشێلکردنی یاسای ئەمریکیو پێوەرەکانی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ڕوبەڕوی دەبێتەوە”.
ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس هۆشداریانداوە بەوەی نابێت فڕۆکەی جۆری F-16 بەتورکیا بفرۆشێت، چونکە بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی S-400ی ڕوسییەوە یاسای بەرەنگاربونەوەی نەیارانی ئەمریکا (کاتسا)ی بەسەردا دەسەپێت، وتوشیانە:”فرۆشتنی ئهو جۆرە فڕۆکەیە بەتورکیا مەترسیدارە، لەبەرئەوەی ئەنکەرە سورە لەسەر دەستخستنی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ڕوسیی”.
باس لەوەشکراوە، پەیامەکەی ئەو ژمارە کۆنگرێسمانە لەلایەن ئەنجومەنی ڕێبەرایەتیی ئەمریکیو یۆنانیو لیژنەی جولەکە ئەمریکییەکانو ڕێکخراوە ئەرمەنییو هیندییو کوردییەکانەوە پشتیوانیدەکرێت.
لەماوەی ڕابردودا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، ئەمریکا پێشنیازی ئەوەیانکردوە کە بەرامبەر بەو پارەیەی تورکیا لەبەرنامەی دروستکردنی فڕۆکەی F-35 خەرجیکردوە، واشنتۆن فڕۆکەی F-16 بەتورکیا بفرۆشێت، بەڵام نێد پرایسی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەردۆغانی بەدرۆخستەوەو ڕایگەیاند، هیچ جۆرە پێشنیازێکی لەوجۆرەیان بۆ تورکیا نەکردوە