چەند رۆژێکە تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا بەرزبووەتەوە؛ ئەمڕۆ لیژنەی بەرەنگابوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات و بڕیاری پێویست دەدات.
بەپێی ئاماری رۆژی شەممە 23ی ئۆکتۆبەر، تووشبوون بە کۆرۆنا بەراورد بە هەفتەی پێشتر 5% بەربووەتەوە؛ گیانلەدەستدانیش 19% بەرزبووەتەوە. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ماسک دەکەنە ناچاری، بەڵام خوێندن ناوەستێنن.
بەرپرسانی تەندروستی ئاماژە بە هەبوونی پەتای وەرزی و هاوشێوەبوونی بەشێک لە نیشانەکانی لەگەڵ کۆرۆنادا دەکەن و داوا دەکەن، خەڵک پشکنین بکەن و دڵنیاببنەوە کە تووشی کۆرۆنا نەبوون و خەڵکی دیکە بەهۆیانەوە تووش نابێت.
وەزارەتی تەندروستی دەیەوێت هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وڵاتان خۆی لەگەڵ پەتاکە بگونجێنێت، یەکێک لە پێشنیازەکانیش ناچارکردنی خەڵکە بە وەرگرتنی ڤاکسین.
تاوەکو رۆژی یەکشەممە 24ی ئۆکتۆبەر، لە هەرێمی کوردستان 356 هەزار و 611 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکرابوون؛ 6 هەزار و 285 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات 652 هەزار و 148 قورچکی ڤاكسین لەلایەن هاونیشتمانیانەوە وەرگیراون.