ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی سێ پرس کۆدەبێتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و لەبارەی سێ تەوەر گفتوگۆ دەکات، لەوانە دۆخی کارەبا، تەندروستی و گرانبونی نرخی سوتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات، لە کۆبونەوەکەدا چەند پرسێک تاوتوێ دەکات.

تەوەرەکانی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
یەکەم: خستنەڕوی ڕاپۆرتی وەزارەتی کارەبا سەبارەت بە هەنگاو و پڕۆژەکانی وەزارەت لە بواری ڕێکخستنەوەی کەرتی کارەبای نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان (بەرەوپێشچون و ئاستەنگەکان)، و پڕۆژەی تایبەت بە هاوبەشیپێکردنی کەرتی تایبەت لە قۆناغەکانی دابەشکردن و گواستنەوەی کارەبا و کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا.

دوەم: خستنەڕوی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە دوا ئامارەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم و ڕێژەی کوتانی هاووڵاتیان بە ڤاکسین بە تایبەتیش فەرمانبەران و مامۆستایان، لەگەڵ خستنەڕوی بڕیارەکانی دوا کۆبونەوەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سێیەم: خستنەڕوی بابەتی گرانبونی نرخی سووتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان و دوا هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروسشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لەم بوارە.

پەیوەندیدار