عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدوا داچونی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە پرۆسەی چاكسازی موچەی 11 هەزار كەس بە تەواوەتی بڕدراوە.
عەبدولحەكیم خەسرەو لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، لە پرۆسەی چاكسازی كۆمەڵێك هەنگاوی باشیان بڕیووە و 460 هەزار فەرمانبەر و پۆلیس كۆدی بێ هاوتایان بۆ دروستكراوە، بۆ ئەوەی لە رێگای سیستمی بانكییەوە موچەكانیان وەربگرن.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، لە چوارچێوەی پڕۆسەكە نزیكەی 21 هەزار مووچە راگیراوە كە 11 هەزاریان بە تەواوەتی بڕدراون چونكە نایاسایی بوون.
سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون رونیشیكردووەتەوە، لیواكان گواستراونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتووەتە 46 هەزار میلاك، هەروەها سەرجەم مەلەفی خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگە گواستراونەتەوە سەر وەزارەتی دارایی، لەگەڵ 18 هەزار دۆسیەی شەهیدانی شەڕی داعش.