دوا بەدوای كۆتایی هاتنی كارەكانی كۆنگرەی حەوتەمی، حزبی شیوعی كوردستان راگەیەنراوێكی بلاوكردەوە، ئێستانیوز دەقی راگەیەنراوەكە بڵاودەكاتەوە:
راگەیاندنی كۆتایی حەوتەمین كۆنگرەی حزبی شیوعی كوردستان
كۆنگرەی حەوتەمی حزبی شیوعی كوردستان لە رۆژانی (27 تا 30)ی ئۆكتۆبەری 2021 لە ژێر دروشمی (ئازادی، دیموكراسی، مافی بڕیاردانی چارەنووس، سۆشیالیزم) لە شاری هەولێری پایتەخت، بە ئامادەبوونی ئەندامانی هەڵبژێردراو لەسەرجەم ئۆرگان و رێكخستنەكانی حزب و ژمارەیەك لەسەركردەكانی پێشووی حزب و هاورێیانی پسپۆڕیە جیاجیاكان لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و مەڵبەندی رێكخستنەكانی دەرەوەی حزب گرێ درا.
سەرەتای كۆنگرەكە بە سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب و سروودی نێونەتەوەی ئینتەرناسیۆنال، رێزگرتن لە شەهیدانی حزب و گەل دەستی پێ كرد، بە بەشداری لایەنە كوردستانییەكان لەهەر چوار پارچەی كوردستان و كونسوڵی فەڵەستین و پێشكەشكردنی گرتە ڤیدیۆیەكی پیرۆزبایی تۆماركراوی حزبی شیوعی كۆماری چینی میللی، بروسكەی حزبە كوردستانیەكانی وحزبە شیوعی و چەپ و كرێكارییەكانی ناوچەكە و جیهان كە پشتیوانییان بۆ سەركەوتنی كارەكانی كۆنگرەی حزبی شیوعی كوردستان دەربڕی.
لە دەسپێكی كۆنگرەكەدا هاوڕێ (كاوە محمود) وتاری حزبی شیوعی كوردستان و (رائد فهمی) وتاری حزبی شیوعی عێراقی پێشكەش كرد.
لەدرێژەی كارەكانی كۆنگرەدا، لیژنەی سەرۆكایەتی و لیژنەكانی تایبەت بە بەڕێوەبردنی كارەكانی كۆنگرە هەڵبژێران و بەپێی ریزبەندی كە سەرۆكایەتی كۆنگرە دیاری كردبوو، رەشنووسی راپۆرتەكانی (سیاسی، بەرنامەو پەیڕەوی ناوخۆ) راپۆرتی (ئینجازی ، وردبینی دارایی حزب، چاودێری ناوەندی، بڕیارو راسپاردە و سڵاونامە) گفتوگۆی چڕیان لەبارەوەكرا، رەخنەو پێشنیار بۆ كاراكردن و پێشخستنی حزب خرانە بەرباس و دواتر بەدەنگدان پەسەند كران.
جێگای ئاماژەیە گفتوگۆی چڕ لەبارەی بابەتەكانی (سیستەمی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان و عێراق و سیاسەتی ئابووری بەرخۆر و ماددەی (140) و كۆچی لاوان و خراپی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بەگشتی و هەژاران بەتایبەتی و مووچە بڕاو وپاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەران و باروژیانی خانەنیشینان و فرۆشتنی كەرتە گشتییەكان بە كەرتی تایبەت و بارودۆخی قوتابیان و ئافرەتان و مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبێژو وەرنەگرتنی دەرچوانی ئامادەییەكان لە زانكۆ وپەیمانگا حكومیەكاندا خرانە بەرباس هەروها دانەمەزراندنی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە دامودەزگا حكومییەكاندا، و بارودۆخی كرێكاران و جووتیاران، پەراوێزخراوەكان) گفتوگۆی لەسەر كرا و بەگشتی جەخت كرایەوە كە پێویستە پرسی ئازادی و دیموكراسی قوڵ بكرێتەوە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق.
كۆنگرە پشتیوانی خۆی بۆ هێزە دیموكراسی و مەدەنییەكانی عێراقی راگەیاند لە پێناو بنیاتنانی سیستەمێكی دیموكراسی مەدەنیدا .كونگرە سەركۆنەی سنور بەزاندن و دەستدرێژییەكانی لایەنە هەرێمایەتیەكانی كرد بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان.
دواتر لەنێو كۆنگرەدا ژمارەی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و چاودێری ناوەندی نوێ، لەبەر رۆشنایی پێداویستی كارەكان دیاری كران، لەدوابەشی كۆنگرەی (7)ی حزبماندا بە ئامادەبوونی نوێنەری یاسایی پارێزگای هەولێر و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كۆمیتەی ناوەندی و چاودێری ناوەندی هەڵبژێردران.
كۆمیتەی ناوەندی و چاودێری ناوەندی لەیەكەم كۆبونەوەی خۆیدا سكرتێر و جێگر هەڵدەبژێرێن و كۆمیتەی ناوەندی مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژێرێت.
كۆنگرەی حەوتەمی
حزبی شیوعی كوردستان
كۆتایی ئۆكتۆبەری 2021