عێڕاق لەگەڵ 5 وڵات ڕێكەوت بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەكان

دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاشكرایده‌كات، خەریکی واژۆکردنی چەند یاداشتنامەیەکی لەیەکتێگەیشتنن لەگەڵ ژمارەیەک لەوڵاتانی جیهان بەمەبەستی کردنەوەی ئاسۆی هەماهەنگیی دوولایەنە‌و گۆڕینەوەی زانیاریی سەبارەت بەکەسانی داواکراوو پارەکانیان پێشکەشکردنی داواکاریی یاسایی بۆ گێرانەوەی پارە بەقاچاخبراوەکانی عێراق.

د.موعتەز فەیسەڵ عەباسی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گێڕانەوەی پارە بەقاچاخبراوەکان لەناو دەستەی دەستپاکیی لەلێدوانێکدا بەڕۆژنامەی “سەباح”ی سەر بەحکومەتی ڕاگەیاندوە، “دەستەی دەستپاکیی بەمەبەستی گێڕانەوەی پارە دزراوو بەقاچاخبراوەکانی عێراق خەریکی واژۆکردنی چەند یاداشتنامەیەکی لەیەکتێگەیشتنە لەگەڵ ژمارەیەک لەوڵاتی عەرەبی‌و بیانیی لەوانە (شانشینی ئوردن، کۆماری لوبنان، دەوڵەتی کوه‌یت‌و کۆماری تورکیاو پۆڵەندا).

جەختیشیکردۆتەوە، لەهەوڵدان بۆئەوەی هەمان یاداشتنامە لەگەڵ وڵاتانی ترش واژۆ بکەن‌و هاوکاریی‌و هەماهەنگیی لەگەڵیاندا بەمەبەستی گێڕانەوەی پارە بەقاچاخبراوەکان عێراق زیاتربکەن.

ئەوەشی وتوە، دۆسیەی گێڕانەوەی پارە دزراوو بەقاچاخبراوەکان بریتییە لەدۆسیەیەک کە ژمارەیەکی زۆر لەسەرەتاو بەڵگەنامەی لەخۆگرتوە لەگرنگترینیان (داواکاریی وەرگرتنی یارمەتیی نێودەوڵەتیی کە پێشکەشی ئەو وڵاتە دەکرێت کە کەسی تۆمەتباری تێدایە)، بەشێوەیەک تێیدا داوادەکرێت پارەی کەسی تۆمەتبار یان حوکمدراو بلۆک بکرێت‌و لەفەرمانگەی گێڕانەوەی پارە بەقاچاخبراوەکان دۆسیەی بۆدەکرێتەوە، دواتر لەڕێگای وەزارەتی دەرەوە ڕەوانەی ئەو وڵاتەو ئەو دەسەڵاتە دەکرێت کە بەرپرسە لەوەڵامدانەوەی ئەو داواکاریانە.

پەیوەندیدار