تەندروستی هەولێر: 12 تیمی گەڕۆك سەردانی زانكۆو فەرمانگەكان دەكەن بۆ پیِدانی فاكسین

دكتۆر دلۆڤان محەممەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاشكرای كرد، بۆ ئاسانكاری لە پرۆسەی دابەشكردنی ڤاكسین 12 تیمی گەڕۆكیان پێكهێناوە و سەردانی زانكۆ و فەرمانگەكانی حكومەت و مۆڵ و بازاڕەكان دەكەن و ماوەی 2 مانگ كاركردنیان بەردەوام دەبێت.


دكتۆر دلۆڤان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، رێژەی توشبوون بە كۆرۆنا زیاتر نەبوە بەڵام كەمیشی نەكردوە، تاوەكو ئێستا ئەوانەی پێویستیان بە چاودێریی چڕ هەیە زۆرن و لۆد لەسەر نەخۆشخانەكان هەیە، زۆربەی ئەوانەی لەژێر چاودێریی چڕدان ئەو كەسانەن ڤاكسینیان وەرنەگرتووە.


ئاماژەی بەوەشداوە، نزیكەی 20٪ی خەڵكی پارێزگای هەولێر یەك ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە، 15٪ش هەردوو ژەمەكەیان وەرگرتوە، لە ماوەی دوو مانگی رابردوو رێژەی وەرگرتنی ڤاكسین كەمیكردوە، سەرەتا پێشوازی باش هەبوو لەلایەن هاوڵاتیان ئێستا پەرۆشییان كەمبوەتەوە.


بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دەشڵێت، 12 تیمی گەڕۆك پێكهێنراون و سەردانی هەریەك لە زانكۆكانی هەولێری پزیشكی، جیهان و سەڵاحەدین و هەندێك لە فەرمانگەكانی حكومەت دەكەن، هەڵمەتەكە ماوەی دوو مانگ دەبێت و ئەگەر پێویستیش بكات ماوەكە درێژ دەكرێتەوە، دواتر بازاڕ و پاركەكان و مۆڵەكانیش بەسەر دەكەنەوە و ڤاكسین دەدەنە هاوڵاتیان.

پەیوەندیدار