یادى (237) ساڵەى شارى سلێمانى

شاری هەڵمەت ‌و قوربانی، پایتەختی ڕۆشنبیری‌و لانكەی شۆڕش‌و یاخی بوون، شاری پڕجوڵەو بەرزكردنەوەی وشەی نەخێر بەڕووی دەسەڵات‌و ستەمكاریدا، ئەمانە ناسنامەن بۆ سلێمانی ‌و هەركاتێك ئەو دروشمانە بێنەسەر زار، سلێمانی دەكەوێتەوە بیری خەڵك.

(237) ساڵ لەمەوبەر ئیبراهیم پاشای بابان بڕیاریدا پایتەختی میرنشینەكەی لە قەڵاچوالانەوە بگوازێتەوە، بۆئەو مەبەستە ناوچەیەكی هەڵبژارد كە ئێستا سلێمانی ‌و ئەو كات گوندێك بوو بەناوی مەڵكەندی، گرنگیی پێگەی جوگرافی سلێمانی وایكرد ئیبراهیم پاشا ئەو بڕیارە بدات، ئەوە هەنگاوێكی گرنگ‌و مێژوویی ئەو میرە كوردە بوو كە بوو بە سەرەتا بۆ دروستكردنی شارێكی یاخیی كە ئێستا یادی (237) ساڵەی دەكرێتەوە.

سلێمانی مەڵبەندی ڕۆشنبیری‌و هونەر، لانكەی شۆڕش‌و بەرخۆدانە، شارێك لە زۆر بواردا پێشەنگ بووە، دیارترینیان هەڵوێست وەرگرتنی خەڵكەكەی‌و دەنگی ناڕەزایی بەرزكردنەوەیە بەڕووی ستەمدا، بۆئەمەش زۆر ڕووداوی مێژویی تۆماركراون، لەوانە خۆپیشاندانی 6ی ئەیلولی 1930 كە لەبەردەركی سەرای سلێمانی دەسەڵاتدارانی ئەوكات چەكیان دژی خەڵكی مەدەنی بەكارهێناو شەهیدو برینداری لێكەوتەوە.

یەكەمەكانی زۆر بوار لە سلێمانین، یەكەم حكومەتی كوردی‌و یەكەم پادشاو دەسەڵاتی خۆماڵیی لەسەر دەستی مەلیك مەحمودی حەفید، یەكەم قوتابخانە بە زمانی كوردی‌و خستنەبەر خوێندنی كچان، یەكەم زانكۆی كوردستان كە بە زانكۆی دایك ناسراوە‌و زۆر یەكەمی دیكەش لەو شارە تۆمار كراون، ئەوە سەرباری دەوڵەمەندیی بە شیعری شاعیران‌و شاكاری نوسەران‌و ژانرە جیاوازەكانی ئەدەب‌و كایەكانی دیكەی ژیان.

ئەوانە هۆكاربوون كە سلێمانی بكرێتە پایتەختی ڕۆشنبیریی كوردستان، لەگەڵ ئەوانەدا سیاسەت‌و خەباتی ڕێكخراوەیی‌و بوونی حیزبی سیاسی‌و سیاسەتمەداران، لەو هۆكارانەی دیكەن بەتایبەت لە نیوسەدەی ڕابردوودا جیاوازییەكی تایبەتیان بەسلێمانی بەخشیوەو هۆكاری دروستبوونی چەندین گۆڕانكاریی بوون كە لێكەوتەكانیان تائێستاش بەردەوامن.

ئێستا سلێمانی، شارەكەی كاك ئەحمەدی شێخ، لە گوندی مەڵكەندییەكەی سەردەمی ئیبراهیم پاشای بابانەوە بووەتە شارێكی گەورەو فراوان، شارێك كە لە زۆر بواردا پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوەو یەكەمە لەڕووی پیشەسازییەوە لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام دانیشتوانی شارەكە هێشتا پێویستیان بە خزمەتگوزاریی زیاترو ئاوەدانیی فراوانترە بەتایبەت لە گەڕەكە نوێیەكان.

پێگەی جوگرافی‌و لەباریی ڕەوشی ئاو و هەوا، سلێمانییان كردووەتە ناوچەیەكی گەشتوگوزار، ساڵانە سەدان هەزار كەس لە ناوەڕاست‌و خوارو عێراق‌و وڵاتانی ناوچەكەوە ڕوودەكەنە هاوینەهەوارەكانی ئەو پارێزگایەو كاتەكانیان بە خۆشیی بەسەر دەبەن.

شاری سلێمانی چەندین گەڕەك و ناوچەی مێژووی لە خۆدەگرێت، دیارترینیان گەڕەكی مەڵكەندی و كانی ئاسكان و سابونكەران و گۆیژەو سەرشەقام و چوارباخن و بەردەركی سەراش لەگەڵ دروستبونی شارەكەدا بوە بە بارەگای فەرمانڕەوایەتی بابانەكان.

سلێمانی بە شاری رۆشنبیری دەناسرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی، كە زۆربەی مەلاو زاناكان و شاعیرو نوسەران و رۆڵی مزگەوت و حوجرەو سێ كوچكەی بابان نالی سالم كوردی قوتابخانەی بابانیان دروست كردوەو تا ئەمڕۆش كاریگەری گەورەیان لەسەر زمان و ئەدەبیاتی كوردی هەبووە.

لە بواری رۆژنامەگەریشدا سلێمانی پێشەنگی شارەكانی هەرێمی كوردستانە، هەر لە سەردەمی شێخ مەحمودەوە شوێنی دەرچونی چەندین رۆژنامەو گۆڤار بوەو لە ساڵی (1968) بووە یەكەم شاری هەرێمی كوردستان، كە زانكۆی تێدا دروست بكرێت.

لە دوای تێپەڕبونی (237) ساڵ بە سەر دروستبونی سلێمانی، بەڵام لە ئێستادا پێشخستن و گەشەكردنی شارەكە وەك پێویست نیەو نوسەران و رۆشنبیران و هاوڵاتیان چاویان لە پێشخستن و خزمەتكردنی زیاتری شارەكەیانە.

پەیوەندیدار