بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، وەرگرتنی 2 هەزار كۆچەر لەلایەن ئەڵمانیاوە راست نییە و وەزیرێكی ئەو وڵاتە پێی وتوون ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە.
سەفین دزەیی بە دەنگی ئەمریكای وتووە، دەنگۆی وەرگرتنی 2 هەزار كۆچەر لە زاری وەزیرێكی ئەڵمانیا رەتدەكاتەوە و ئەو وەزیرە پێی وتوون ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی راستی نیە، لەگەڵ لایەنەكانی ئەوروپی دەمێكە باسی ئەوە دەكەن ئەگەر بیانەوێت خەڵك رویان تێ نەكات پێویستە هاوكاری هەرێم بكەن لە كۆمەڵێك بواردا.
وتوشیەتی، بابەتی كۆچ لە هەموو كاتێك و شوێنێكدا هەبووە، ئەوەی ئەمڕۆ بە زەقی باسی لێوەدەكرێت بەتەنها خەڵكانی هەرێم نین لە سنور گیرییان خواردووە بەڵكو كۆمەڵێك نەتەوەی تریشی تێدایە، بەڵام هۆكاری زەق كردنەوەی كۆچەرانی خەڵكی كوردستان كۆمەڵێك شیكردنەوە هەڵدەگرێت رەنگە لە كاتی خۆیدا باس بكرێت.
باسی لەوەش كردووە، ئەو خەڵكەی سەفەریان كردووە بە رێگای فەرمی و بە ڤیزای گەشتیاری كۆچیان بۆ بیلاڕوسیا كردووە، تۆڕی قاچاخچی و مافیاكان ئەو خەڵكەیان بە لاڕێدا بردووە بەوەی بردویاننەتە بیلاڕوسیا و پێیان وتون لەوێوە پاس چاوەڕێتان دەكات و دەگوازرێنەوە بۆ سنورەكانی پۆڵەندا، لەوێشەوە بەچەند رۆژێك دەبرێنە ئەڵمانیا یا هەر وڵاتێكی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا، جگە لەوەی بونەتە قوربانی ململانێی نێوان بیلاڕوسیا و یەكێتی ئەوروپا.
سەبارەت بەوانەی ناویان تۆمار كردووە بۆ گەڕانەوە سەفین دزەیی وتی، ئێمە نوێنەرایەتیمان لە بیلاڕوسیا نیە بەڵام لە رێگای باڵوێزخانەی عیراق لە روسیا هەوڵدراوە ئەو كەسانەی بەخواستی خۆیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناونوس بكرێن و پاسپۆرتی گەڕانەوەیان بۆ بكرێت، لە چەند رۆژی رابردوو 431 كەس بەوشێوەیە گەڕانەوە، نزیكەی 500 كەسی تر خۆیان ناونوس كردووە.