بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی کۆنسەی رێڤەبەری کۆما جڤاکێن كوردستان، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
بۆ بەڕێز: کۆنسەی رێڤەبەری کۆما جڤاکێن كوردستان.
بابەت: پیرۆزبایی
سڵاوێكی گەرم..
بە بۆنەی یادی 43 ساڵەی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان، بە ناوی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و سەرجەم هەڤاڵانی پەکەکە دەكەین و هیوادارین ئەم یادە مێژووییە هاندەر بێ بۆ یەكڕیزی و بەرەو پێشبردنی خەبات لەپێناو ئازادی و بەدیهێنانی تەواوی مافە ڕەواکانی گەلی كوردستان و دەستەبەرکردنی یەکێتی نەتەوەیی .
بەڕێزان..
یادی 43 ساڵەی دامەزرانی پارتی کرێکارانی کوردستان پێنگاڤێکی دیرۆکی بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمی داگیرکاریی و بەرزکردنەوەی گیانی بەرخۆدان لە باکووری کوردستان، ئەم یادە لە کاتێکدایە، ناوچەکە بە قۆناخێكی ئالۆز تێدەپەڕێ، سیاسەتی فراوانخوازی هێزە ئیقلیمیەكان لە هەڵکشان دایە، کە بەهۆیەوە ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە رووبەڕووی ئەگەری نادیار بۆتەوە، لەو سۆنگەیەدا هێشتا بزاڤی رزگاریخوازی گەلەکەمان ئامانجی دوژمنانە، هێشتا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سیاسەتی داگیرکاریی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان پیادە دەکات و لە جیاتی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی دۆزی رەوای گەلی کورد لە باکوور، سیاسەتی شەڕ و سەرکوتکاریی درێژە پێ دەدات ، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئالنگاریانە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەدەوری کارنامەیەکی هاوبەشی کوردستانی کۆببنەوە و پێکەوە رووبەڕووی هەموو تەحەددیەکان ببنەوە .
هەر لەم بۆنەیەدا ، جەخت لە پەیوەندی دۆســتانە لە نێوان حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان دەكەینەوە.
لەگەڵ ڕێزماندا.
مەكتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
27ی تشرینی دووەمی2021