ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ باشترین یاریزانی جیهان تەواوبوون، ئەمشەو جیهان بینەری دیارییکردنی باشترین یاریزان دەبێت لەسەر ئاستی جیهان.
کاتژمێر 10:30 لە رێورەسمێکی تایبەتدا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لەسەر شانۆی دو چێتێلیتی کە هەمان شوێنی دابەشکردنی خەڵاتەکەبوو لە 2019، باشترین یاریزانی جیهان خەڵاتدەکرێت.
بۆ دیارییکردنی باشترین یاریزانی ئەمساڵ لەلایەن گۆڤاری فرانس فووتبۆڵەوە، 173 رۆژنامەڤان لە جیهان دەنگیانداوە، هەریەکەیان مافی ئەوەیان هەیە 5 دەنگ بدەن، دەنگی یەکەمی بە 6 خاڵە، دەنگی دووەمی بە 4 خاڵە، دەنگی سێیەمی بە 3 خاڵە، دەنگی چوارەمی بە دوو خاڵە و دەنگی پێنجەمی یەک خاڵی لەسەرە، کە پێشتر هەر رۆژنامەڤانێک مافی سێ دەنگی هەبوو.
هەریەکە لە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی پۆڵەندی و یانەی بایرن میونشن، کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید لەگەڵ جۆرجینۆ، ئەستێرەی ئیتاڵی و یاریزانی یانەی چێڵسی دیارترین بەربژێرن بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.
مێسی بەهۆی بردنەوەی جامی شای ئیسپانیا لەگەڵ بارسێلۆنا، بەدەستهێنانی خەڵاتی گۆڵکاری لالیگا بە 30 گۆڵ، بردنەوەی کۆپا ئەمریکا، بوونە گۆڵکار و ئاسیستکاری کۆپا ئەمریکا، یەکێک لە دیارترین بەربژێرەکانە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، نازناوی خولی ئەڵمانیا، جامی سوپەری ئەڵمانیای لەگەڵ بایرن میونشن بردووەتەوە، بە تۆمارکردنی 41 گۆڵ بووە گۆڵکاری خولە گەورەکانی ئەوروپا، بەگشتی لەم وەرزەدا 64 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمە بووەتە هۆکاری ئەوەی ببێتە بەربژێر بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.
بەربژێری سێیەم بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە لەنێوان هەریەکە لە جۆرجینیۆ و کەریم بنزیما دەبێت، کە جۆرجینیۆ نازناوی یۆرۆی 2020، نازناوی چامپیۆنزلیگ و سوپەری ئەوروپای بردووەتەوە و کەریم بنزیماش نەیشنلیگی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بردووەتەوە.
پاسکال فێری، سەرنووسەری گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ دەڵێت ” براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر ئێستا دەزانێت کە خەڵاتەکەی بردووەتەوە، زۆر بەنهێنی هەڤپەیڤینمان لەگەڵی کردووە و وێنەشی گیراوە، ئەو یاریزانەی خەڵاتەکەی بردووەتەوە هاوشێوەی براوەی ساڵەکانی رابردوو دڵخۆشە، کاتێکیش دەزانن براوەکە کێیە زۆر دڵخۆش دەبن.”
خەڵاتی باڵۆن دۆر لە 1956ـەوە لەلایەن گۆڤاری فرانس فووتبۆڵەوە دەدرێتە باشترین یاریزان، هەڵبژاردنی یاریزانەکە چەند پشت بە چەند بنەمایەک دەبەستێت، لەوانەش ئاست و ئەنجامەکانی یاریزانەکە لە وەرزەکەدا، دەستکەوتەکانی یاریزانەکە لە وەرزەکەدا و رەوشتی یاریزانەکە لەنێو یاریگە و دەرەوەی یاریگەدا.
سەرەتا باڵۆن دۆر لە ساڵی 1956 تاوەکو 1995 تەنیا دەدرایە یاریزانەکانی کیشوەری ئەوروپا، دوای ئەوە لە 1995 تاوەکو 2007 خەڵاتەکە گۆڕانکاریی تێدا کرا و درایە ئەو یاریزانانەی جیهان کە لە کیشوەری ئەوروپا یارییدەکەن، لە 2007 گۆڕانکارییەکی ریشەیی تێدا کرا و خەڵاتەکە تایبەتکرا بە یاریزانانی هەموو جیهان.
لە ساڵی 2010 گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ رێککەوتنێکی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان کرد و خەڵاتەکەی کردە فیفا باڵۆن دۆر و هەردوولا بەهاوبەشی خەڵاتەکەیان دابەشکرد، بەڵام لە ساڵی 2016 هەردوولا لە یەکدی جیابوونەوە و فیفا خەڵاتی زە بێستی دروستکرد.
لە ساڵی 2018 گۆڤارە فەرەنسییەکە 3 خەڵاتی دیکەی زیادکرد ئەوانیش خەڵاتی کۆپا بۆ باشترین یاریزانی لاو لە جیهاندا و خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ باشترین خانمە یاریزانی جیهان و خەڵاتی لیڤ یاشین، بۆ باشترین گۆڵپارێزی جیهان، کە ئەمانیش بەهەمان شێوە ئەمشەو دابەشدەکرێن.
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی تاکە یاریزانە 6 جار خەڵاتی باڵۆن دۆر بردبێتەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەنێو هەموو یاریزانەکاندا تاکە یاریزانە 13 جار بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە بەربژێرکرابێت.
یاریزانانی ئەڵمانیا لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکان زۆرترین جار خەڵاتەکەیان بردووەتەوە کە 7 باڵۆن دۆرە، لەسەر ئاستی یانەکانیش یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا 12 جار بە 6 یاریزانی جیاواز خەڵاتی باڵۆن دۆریان بردووەتەوە کە 6 لەوانە لەلایەن مێسییەوە بووە.
بەشێکی زۆری میدیای فەرەنسا، ئیسپانیا و ئەرجەنتین دەڵێن ” لیۆنێل مێسی خەڵاتی باڵۆن دۆری مسۆگەرکردووە و ئەمشەو بۆ جاری حەوتەم خەڵاتەکە دەباتەوە”.
لەلایەن یانەی بایرن میونشن و میدیای ئەڵمانیشەوە پاڵپشتییەکی زۆری رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دەکرێت و یاریزانەکە بە شایستەی بردنەوەی خەڵاتەکە ناودەبەن.