دوابەدوای زیادبوونی پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش و زیادبوونی قوربانیەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوڵاتیان، شەڕێكی ئاست نزمی سیاسی كەوتۆتە ناو هەندێ هێزی سیاسیەوە، لەم بارەیەوە هەردی عەلی ئەندامی ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە ئێستانیوزی راگەیاند: ئێمە لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان چاوەڕێی ئەوەبوین هێزە سیاسیەكان پێكەوە دانیشن و تەكبیرو ئامادەكاری بكەن بۆ روبەروبونەوەی داعش و چارەنوسی ناوچە كوردستانیەكان. چاوەڕێی ئەوەبوین زمانی حزبی و جنێوی ئاست نزمی سیاسی بوەستێو شەڕی سۆسیال میدیا بوەستێو بەهەموان بكەوینە سۆراغی دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی و كوردستانیانەی مەعقول. بەڵام بەداخەوە هەندێ لایەن و هێزی سیاسی وانە لە رابردوو وەرناگرن و نازانین كەی كولتوری مل شكاندن و جنێوو شەڕە حزبی بەرتەسك كۆتایی دێت ولەكاتی پرسە نیشتمانیەكان هەست بە لێپرسراویەتی كوردستانی بكەین.