بۆ دوەم رۆژ لەسەر یەک بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە سلێمانی، ئیدارەی راپەڕین، کۆیە، گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و داوایان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و حکومەتی هەرێم کرد دەرماڵەی زانکۆیان بۆ خەرج بکات کە ماوەی چەندین ساڵە بە “نایاسایی” راگیراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە (6ی کانونی یەکەمی) لەسلێمانی، رانیە، گەرمیان، کۆیە، هەڵەبجە و ژمارەیەک ناوچەی دیکەش خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەستیپێکردەوە و خوێندکاران داوای “گەڕانەوەی دەرماڵە، گەڕانەوەی شکۆ بۆ زانکۆکان، نەهێشتنی رۆڵی حزب لە زانکۆکان، دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی بەشە ناوخۆییەکان، کەمکردنەوەی جیاوازی لەنێوان زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان بەتایبەت لەڕوی وەرگرتنی کۆنمرەوە” دەکەن.
خوێندکارانی ناڕازی دەڵێن، ئەگەر وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە هەڵوێستی دیکەیان دەبێت، هەروەها هۆشداریش دەدەن لەوەی ژمارەیەک لایەن “بەپلان هەوڵ دەدەن کۆبوونەوەکانمان بەلاڕێدا بەرن “.
بەردەوامی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ لە کاتێکدایە، لە هەفتەی رابردودا بۆ کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان بەشێک لە زانکۆکانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەوامیان راگرت و پێشتریش بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک خۆپیشاندانی خوێندکاران بەردەوام بوو.
زیاتر لە حەوت ساڵە، بەبڕیاری حکومەتی هەرێم دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ راگیراوە.