وەزارەتی رۆشنبیری راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداریی داوەتە میدیاکان و دەڵێت، “بڵاوکردنەوەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی داعش بەرهەمیان دەهێنێت، قەدەخەیە”.
شەوی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێک لە پەیج و میدیاکان ئەو وێنانەیان بڵاوکردەوە کە داعش بڵاویکردنەوە و باسی لەوە کردبوو کە ساتی هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگەیە. لە نووسراوی وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ دووشەممە 06-12-2021 دەرچووە، ئاماژە بەوە کراوە، “ئاگاداری گشت میدیا بیندراوەکان و پۆرتاڵەکانیان دەکەینەوە کە بە هیچ جۆرێک ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە بڵاونەکەنەوە کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەرهەمهێندراون و تایبەتن بە هێرشەکانیان بۆسەر هێزی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل”.
هەر لەو نووسراوەی وەزارەتی رۆشنبیریدا هاتووە، “بڵاوکردنەوەی ئەم وێنە و ڤیدیۆیانە بە بێئاگایی ئەم کەناڵانە دەبن بە رایەڵێکی میدیایی تیرۆریستان و لەوێوە ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێ لەنێوان هاووڵاتییاندا بڵاودەکەنەوە، ئەمەش پێچەوانەی ماددەی سێیەم بڕگەی سێیەمە لە رێنوێنیی ژمارە 1ی ساڵی 2014ی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، تایبەت بە رێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان”.
هەر کەناڵێک پێچەوانەی ئەو گشتاندنە هەڵسوکەوت بکات، وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، “رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی ئەرکی سەر شانی هەموولایەکە، بۆیە پێویستە پابەندی یاسا و رێنوێنییەکان بن”.
