شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق بڵاویكردەوە، تیرۆرستێكیان دەستگیر كردووە كە بەنیاز بووە لە بەغدا بۆمبێكی چێنراو بتەقێنێتەوە، پێشتریش برایەكی ئەو كەسە تەقینەوەیەكی لە ناوچەی كازمییە ئەنجامداوە و دواتر دەستگیر كراوە.
شانەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كردووە، دەزگای هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵی سەربە وەزارەتی ناوخۆ دوای كۆكردنەوەی زانیاری وردی هەواڵگری، تۆمەتبارێكیان لەناو هۆتێلێكدا دەستگیر كرد كە پلانی دانابوو لەیەكێك لە بازاڕەكانی ناوچەی كازمیە بۆمبێكی چێنراو بتەقێنێتەوە.
ئەوەش هاتووە، لە مانگی حوزەیرانیشدا برایەكی هەمان كەس لە ناوچەی كازمییە بۆمبێكی چێنراوی تەقاندەوە و دواتر دەستگیر كرا، سەرجەم ئەو چەكدارانەشی لەگەڵ ئەو تیرۆرستە كاریان كردوە و یەك تۆڕ بوون دەستگیر كراون.
بەپێی زانیارییەكانی شانەكەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق، لەگەڵ دەستگیركردنیدا دەست بەسەر ناسنامەیەكی ساختە، تەقەمەنی، دوربینی شەو، رەچەتەی دەرمان، كتێب، جلوبەرگی جیاواز و چەند جۆرێكی چەك لەوانەش دۆشكەدا گیراوە.