مستەفا کازمی و مەسرور بارزانی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کۆدەبنەوە

مستەفا کازمی بە یاوەری شاندێکی باڵای سەربازی گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسرور بارزانی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کۆبوونەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8-12-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ھەولێر پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی سەربازی یاوەری کرد. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی وێڕای بەخێرهاتنی مستەفا کازمی و شاندی یاوەری بۆ هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێ کران.

هەروەها جەخت لە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و گەشەپێدانی بارودۆخی ئابووری و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، گفتوگۆ لەبارەی هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی داعش و گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵ و تواناکان و بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا لە پێناو کۆتاییهێنان بە هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش.

پەیوەندیدار