پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەكات

بەبۆنەی 36 ساڵەی دامەزراندنی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان كرد، ئەمەش دەقەكەیەتی:

بەڕێز، سەركردایەتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

لە 36مین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستاندا، لە سەر ناوی بەڕێوەبەرایەتی و ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی بەڕێزتان و هەموو بەڕێوەبەرو ئەندامان و لایەنگرانی حزبە تێكۆشەرەكەتان دەكەین و لەم یادە پیرۆزەدا سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدە سەربەرزەكان دادەنەوێنین.

هاوڕێیانی هێژا

هەروەكو دەزانن هەرێمی رۆژهە‌ڵاتی ناوین بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی بە قۆناخێكی زۆر هەستیارو چارەنووسساز دا تێپەڕ دەبێت كە ئەمە وەكو شەڕی جیهانی سێهەمیش پێناسە دەكرێت. لە جەرگەی ئەم شەڕو ململانێیەدا هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بە هەموو هێزو توانای خۆیانەوە لە هەوڵی ئەوەدان كە هەیمەنە و دەسەڵاتی خۆیان بە ئامرازی نوێ سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئابووری و سەربازی بە سەر گەلان، ژنان، و چینە چەوساوەكاندا زاڵ بكەن. بەڵام گەلانی هەرێمەكە، چین و توێژەكانی كۆمەڵگا و بە تایبەت ژنان ئەم پیلان و سیناریۆیانە وا بە ئاسانی پەسەند ناكەن و لەبەرامبەر دەسەڵات ووازی و هەژموونگەراییدا خۆڕاگری دەكەن. هەربۆیە ئەركی هەموو هێزە شۆڕشگێڕو دیموكراتییەكانی كوردستانە كە بتوانن ببنە ناونیشانی ئەم خۆڕاگرییە و بە تێكۆشان لە سەر بنەمانی یەكێتی نەتەوەیی داهاتوویەكی ئازاد و یەكسان بۆ گەلەكەمان دەستەبەر بكەن.

بەو بڕوایەی كە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەم قۆناخە هەستیارەی مێژوودا بتوانێت پێشەنگایەتی بۆ خەباتی ئازادی و دادپەروەری و دیموكراسی بكات، جارێكیتر 36 ساڵیادی دامەزراندنی حزبە  تێكۆشەرەكەتان پیرۆز دەكەین و لە خەبات و تێكۆشاندا سەركەوتنتان بۆ بەئاوات دەخوازین.

لەگەڵ رێزدا

كۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان PKK

 12.12.2.21

پەیوەندیدار