لە کاتی بوونی”تەم و مژ” شۆفێر ئەبێت چۆن مامەڵە بكات؟

یەكێ لەو دیاردانەی كە زۆرجار دەبنە هۆكاری نانەوەی روداوی دڵتەزێن، بە تایبەتی لەسەر رێگاو شەقامەكان و لە كاتی هاتوچۆدا، دیاردەی (تەم) ە، جا لە پێناو پاراستنی گیان و ماڵمان لە كاتی دروستبوونیدا، با بە پێی توانا هەموو ئەم رێنماییانەی خوارەوە جێبەجێ بكەین:

  • لایتی نزم بەكاربهێنە و بە هیچ شێوەیەك لایتی بەرز (فوول) دامەگیرسێنە، چونكە رووناكییە بەهێزەكە دەبێتە هۆی شكانەوەی زیاتری رووناكی بەهۆی دڵۆپە هەڵواسراوە هەرە وردەكانی هەڵمی ئاو (واتە تەم) و دووبارە گەڕانەوەی بۆ چاوی شوفێر، بەمەش ئاستی بینینی ئاسۆیی زۆر كەمتر دەكاتەوە.
  • هەرگیز نەهێڵی جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكەت پیس بێت و بەردەوام پاكی بكەرەوە.
  • تەم وەكو (سەراب) ی بیابانە، ئەو هەستەت پێ دەدات كەوا خێرایی لێخوڕینت كەمە، بۆیە پێش ئەوەی بچیتە نێو تەمەوە خێراییت زۆر كەم بكەوەو بەردەوام هەوڵبدە مەودایەكی زیاتر لە ئاستی ئاسایی لەنێوان خۆت و ئۆتۆمبێلەكانی دیكە جێبهێڵی.
  • لە كاتی لێخوڕیندا زۆر وریا و هێمن بە و هەوڵبدە گوێبیستی هیچ دەنگێك نەبی (لە ریكۆردەرو رادیۆ) و مۆبایلیش بەكار مەهێنە، بەڵكو كەمێك جامی لای خۆت بهێنە خوارەوە، بۆ ئەوەی گوێبیستی هەر دەنگێكی نامۆ بی لە دەرەوە.
  • گەرمكەرەوەی جامی پێشەوە بەكار بهێنە، تاوەكو رێگە نەدەیت شێ و هەڵم لەبەشی ژوورەوەیدا دروست بێت و مەودای بینینت هێشتا كەمتر ببێتەوە.
  • تەنها لەو كاتەدا دەتوانی سوود لە (برۆجێكتەری تەم) وەربگری و دایانگیرسێنی، كە رێگە دەدات بە باشترین شێوە رێگای پێش خۆت ببینی، نەوەك داگیرساندنی لەكاتە ئاساییەكاندا.
  • شۆڵدەری ڕاست یان چەپ بە پێی ئاڕاستەی رۆیشتنت، یاخود هێڵەكانی ناوەڕاستی رێگا بەكاربهێنە وەك رێنیشاندەرێك تاوەكو لە رێڕەودا دەرنەچیت و خوانە خواستە بچیتە رێڕەوی پێچەوانە.
  • ئارام و هێمن و هەناسە درێژتربە لە كاتی ئاساییداو هەرگیز كرداری دەرچوون (تجاوز) لە ئۆتۆمبێلێكی دیكە ئەنجام نەدەیت.
  • هەرچوار فلاشی ئاگاداركردنەوەت دابگیرسێنەو مەیكوژێنەوە، چ لەكاتی رۆیشتن یان وەستاندا.
  • ئەگەر نیازی خولانەوەت هەبوو ئەوا زۆر زووتر گڵۆپی ئاڕاستەكە دابگیرسێنە بۆ ئاگاداركردنەوەی شوفێرانی دیكەی دواوەت، چونكە شوفێری دواوە پشت دەبەستێ‌ بە هەڵسوكەوتی شوفێری پێشخۆی.
  • بەهیچ شێوەیەك لە رێڕەوی رێگاكاندا مەوەستە، بە تایبەتی ئەگەر رێگایەكە جەنجاڵ بوو، چونكە لەو حاڵەتەدا، تۆ و ئۆتۆمبێلەكەت دەبنە سەرەتای رووداوی پێكدادانی زنجیرەیی.
  • ئەگەر خوانەخواستە ئۆتۆمبێلەكەت دووچاری كێشەیەك بوو، ئەوا دەستبەجێ لەسەر رێڕەوی شەقام و رێگادا لایبەو فلاشەكانی دابگیرسێنەوەو خۆت و سەرنشینەكان بە تەواوی لێی دووربكەونەوە تا كەشەكە ئاساییتر دەبێتەوەو مەودای بینین زیاتر دەبێ.

پەیوەندیدار