وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، تائێستا هیچ توشبوویەکی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا (ئۆمیکرۆن) لەعێراق تۆمارنەکراوە، بەڵام بەبەردەوامی چاودێری ناوەندە تەندروستییەکان دەکەن و هۆشیاری دەدەنە هاوڵاتیان لەبارەی پەتاکە، هەروەها ئەم پەتایە لەچەند وڵاتێکی دراوسێی عێراق بڵاوبووەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، وەزارەتەکەیان لەتوانایدا هەیە مامەڵە لەگەڵ ئەم پەتایەدا بکات بەتایبەت کە رێکارەکانی خۆپاراستن بەهەمان شێوەی ڤایرۆسی کۆرۆنان و دەبێت دورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی، بەستنی ماسک و بەکارهێنانی ڤاکسین بەردەوام بێت.
ئەوەش هاتووە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم پەتا نوێیە بەردەوامن و سەرجەمیان جەخت دەکەنەوە لەوەی ڤاکسین کاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن.
ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوی نوێ بە ناوی ئۆمیکرۆن وردە وردە بەنێو جیهاندا بڵاودەبێتەوە. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی سەرکردەی وڵاتانی جیهان جەخت لە وەرگرتنی ڤاکسینی بەهێزکەری بەرگریی جەستە بکەنەوە، کە مانای وەرگرتنی ژەمی سێیەم و چوارەمی ڤاکسینە.