هێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کەلوپەلی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدی لە رۆژئاوای عێراقدا رادەستی سوپای عێراق کرد.
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، کەلوپەلەکانی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کە ھێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرابوو، رادەستی سوپای عێراق کراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەیەکی تەکنیکی سەربازیی عێراق کە لە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی پێکھاتوون، سەردانی بنکەی عەین ئەسەدیان کردووە.
باسی لەوەشکردووە، لیژنەکە ئەو ناوچەیەی بەسەرکردووەتەوە کە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێدایە و لەو کەلوپەلانە وردبوونەتەوە کە هێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی رادەستی سوپای عێراق کردووە.
ئەم کشانەوەیە، بەپێی رێککەوتنێکی پەیوەندیدار بە کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان کە لە ٢٦ی تەمموز لە نێوان ئەمریکا و عێراق واژۆ کرابوو، ئەنجامدراوە.
بنکەی عەین ئەسەد؛ دەکەوێتە رۆژئاوای شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و یەکێک بوو لەو بنکانەی کە دەیان سەربازی سوپای ئەمریکای تیایدا جێگیرکراوە.