یەکەم تووشبووی کۆرۆنای گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکرا، کە کەسێکی بیانییە و سەردانی ئەو شارەی کردووە.
دکتۆر سەید جەلیل مووسەوی، سکرتێری لیژنەی کۆنتڕۆڵکردن و بەرێوەبردنی کۆرۆنا لە پارێزگای ورمێ هەواڵەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند؛ تووشبووەکە دانیشتووی ئیماراتە و ماوەی چەند رۆژێکە سەردانی ورمێی کردووە.
سکرتێری لیژنەی کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی کۆرۆنا دەڵێ؛ تێستی ئەو کەسە بەهۆی نەبونی کیتی دەستنیشانکردنی ئۆمیکرۆن لە ورمێ رەوانەی تاران کراوە؛ ئێستا سەرقاڵی دۆزینەوە و کەرەنتینکردنی ئەو کەسانەن بەریەککەوتنیان لەگەڵ تووشبووەکەدا هەبووە.
هێشتا بەهۆی نەبوونی کیتی پێویست لە ئێران، کیتی دەستنیشانکردنی ئۆمیکرۆن رەوانەی پارێزگای ورمێ نەکراوە، بۆیە بەرپرسانی تەندروستیی ناچارن پشکنینی کەسانی گومانلێکراو رەوانەی تاران بکەن.
رۆژی 20ی ئەم مانگە وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند یەکەمین کەیسی تووشبوون بە جۆری گۆڕاوی کۆرۆنا، ناسراو بە ئۆمیکرۆن لە وڵاتەکەی تۆمارکراوە، کۆمیتەی زانستیی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای ئەو وڵاتەش رێکاری نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە گرتەبەر.