چیمان دەکرد گەر لەجێی کورد بوینایە ؟

ئێمەی عەرەب لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست دورترین کەسانێکین لە واقیع .

تۆسەیری ئێمەی عەرەب بکە ، بۆنمونە .پێش شەست ساڵ نیوەی فەلەستینیان پێداین ، بە گەرەنتی نێو دەوڵەتی .

ڕەتمانکردەوە .( گوتمان، نا…هەمومان دەوێ )

دواتر هەموو شتێکیان لێستاندین .

دوای نیو سەدە دانیشتین لوتکە عەرەبیەکانمان بەست ولەنەتەوە یەکگرتووەکان پاڕاینەوە بۆ گێڕانەوەی ئەو نیوە ، یەکەمە . جوان سەرنج بدە دوای ئەوە چی ڕویدا !

قەسەبخانەکانی ئەیلول لە ئۆردن .

شەڕی کاولکەری لوبنان .

بەزینی حوزەیران .

قودس بە عەباداندا .

ملیۆنان کوژراو و بێ باوک .

لە دامەزراندنی وڵاتەسەربەخۆکانمان تێشکاین و تا ئێستاش لەئاسمان بۆ هۆیەکان دەگەڕێین .

لە ماڵی خۆماندا بۆی ناگەڕێین .

تا کەی ؟

تاکەی لەئاست ڕاستیەکان خۆمان کوێر کەین ؟

تاکەی خەریکی دروستکردنی دوژمن بین ؟

باشە من پرسیارێکی دوور لەسیاسەت لەبارزانی و تاڵەبانی و مالیکی و سەدام دەکەم . بەڵام نزیک لە ویژدان .

لە هەر خاوەن ویژدانێک دەپاڕێمەوە پێش وەڵامدانەوە زۆر بەباشی لێی ورد بێتەوە.

با هەر عەرەبێک پێچەوانە وێنای بکات .

واتا با وایدانێ عەرەبەکان نەتەوەی دووەمن لە عێراق و کوردەکان نەتەوەی یەکەمن و ئەوە کوردەکانن ۱۸۰ هەزار عەرەبی ئاشتیخوازیان لە یەک ڕۆژدا لە حیللەو ڕومادی سەماوە ژێر گڵ خستووە.

با عەرەب وای وێنا بکات کە کوردەکان کەس و کاری ئەویان بە گازی کیمیاوی لەشرگات و شوێنەکانی تر ڕشاندووە .

باشە پەرچەکرداری هەرعەرەبێک چی دەبوو؟

با وەڵامەکە لێگەڕێین بۆ خاوەن ویژدان زیندووەکان و بێینە سەر واقیع .

دەوڵەتی عێراقی ڕوخا و دڕندەکانی عەرەب و موسوڵمانەکان هاتنەناو عێراقەوە . هەزاران شیشانی و فەلەستینی وسعودی و یەمەنی و سوری میسری و ئۆردونی و لیبی تونسی و جەزائیری و ئەفغانی و عەرەبی عێراقی شیعە و سوننە ، هاتن و خۆیان تەقاندەوە .

ئەرێ چەند کورد خۆیان تەقاندەوە؟

لەماوەی چل ساڵدا عێراق لەگەڵ کورد لەشەڕدا بوو .

بەغداو شارەکانی تر پڕ بوون لە هەزاران کوردی لایەنگری بارزانی .

ئایا تەقینەوەمان لە (مدینە الصدر ) و کەڕادە بینی ؟

ئایا ڕفاندن و کوشتن و خستنە ناو قەفەسمان بینی ؟

ئایا بینیمان لەناو بازاڕ گۆشت و خوێنی مروڤ تێکەڵ بە گۆشتی مانگاو تەماتەو سێو ببێ .

باشە بۆچی واز لەچێژ وەرگرتن لەگوڵی ناو باخچەکانمان بێنین ڕوبکەینە زبڵدان دروستکردن ؟

چیە وا بەدوای تێکدان و ڕوخاندندا دەگەڕێین ؟

باشە ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە هەموو جارێ ئێمە دەبینە قوربانی ساویلەکەییمان و دەمارگیری هۆزگەرایی دەوارنشنیمان .هەر بەتەنها بە وروژاندنی

هاها…..هاها …خوتی ها ….

نەوت ئێمەی تێک وپێک دا . نەوت ئێمەی ژەهراوی کرد . نەوت ئێمەی کوشت و گێژی کردین .

نەوتی زۆرو پێویستمان هەیە .

نەوتی بەسڕە و کوت و عەمارەو موسڵمان هەیە .

داهاتی بەنرخمان لە ڕمادی و دیالە هەیە.

سەرقاڵیان کردوین بەپرسی کوردستانەوە. تەواو خۆمان ماندوو کردووە .

خۆمان لێکهەڵوەشاندووە تا ئەو ڕادەیەی خۆمان لەبەردەم کێشەیەک بینییەوە ، کە هیچ بنەمایەکی مادی نیه ،جگە لە دواکەوتنی خۆمان .

باشە ئێمەی شیعەو سوننە چ سودێکمان لە پێداگری لەسەر یەک نیشتیمانی بینیوە کە نەمان توانیوە دایبمەزرێنین !

شتێکی پێکەنیناوی نیە کە ئێمە مامەڵەی پێ لە گەڵ مافی نەتەوەیی کورد دەکەین ، کە دژە لەگەڵ ئەو ئەرگۆمێنتانەی بەرگری پێ لە هەمان مافی نەتەوایەتی خۆمان دەکەین !

باشە شتێکی نامۆ نیە بۆ نمونە ئێمە سیاسەتی دیفاکتۆ و بە یەهودیکردنی قودس و دروستکردنی ئۆردوگا جولەکەنشینەکان و گۆڕینی دیمۆگڕافی ناوچە داگیرکراوە فەلەستینیە کان ڕەتدەکەینەوە کە ئیسڕائیل پێی ڕوبەڕومان دەبێتەوە ،لەکاتێکدا ئەو واقیعە پیرۆز دەکەین کە سەدام سەپاندویەتی بۆ بەعەرەب کردنی چەندین ناوچەی کورد نشین !

سەیر نیە داوای مافی چاڕەنوس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ فەلەستینیەکان دەکەین ،کەچی تەنها باسکردنی مافی دیاریکردنی مافی چارەنوس بۆ کوردەکان بە تاوان و گوناهی گەورە دادەنرێ .

من پرسیار لەوانە دەکەم دژی فیدڕاڵی و مادەی ۱٤۰ وەستاون :

بۆچی ؟ ئەی جێگرەوە چیە ؟

باشە ئەو مەترسیە چیە کەمادەی ۱٤۰ دروستی دەکات ،لەکاتێکدا سەرکردایەتی کورد دەڵێ بەجێبەجێکردنی مادەی ۱٤۰ و دەستور لەناو عێراقی دیموکڕاسیدا دەمێنینەوە کە تیایدا سامانی نەوت بۆ هەمووان دەبێ .

باشتر نەبوو بۆ سیاسیەکانمان کۆنگرەیەک بۆ بارزانی ڕێکبخەن کە تیایدا هەڵوێستی خۆی ڕونبکاتەوەو وەک بەڵێن بەرامبەر هەمووان لێی وەر بگیرێ !

بۆچی مالیکی فێڵی لەوە کرد ؟

لە هەولێر بەڵێنی چی دابوو ؟

ئەگەر عێراقێکی فیدڕاڵیمان نەوێ کە بە هاوبەشی بەڕێوە ببردرێ ، ئەوا دوو چارەسەڕ هەن :

یان بگەڕێینەوە بۆ ئەو شەڕو پێکدادانە بێ سەرەو بەرەییە لەناوبەرەی کە هەموومان لەناو دەبا . یان ئەو چارەسەرە مەدەنی ترین و ئەقڵانیترینە ،کە ئەویش دانپیانانە بە کێشەی کوردی کە ئێمە دەسپێشخەری بکەین بۆ چارەسەرکردنی . بەمەش

(٤۰ )ملیۆن کورد بۆلای خۆمان ڕادەکێشین و دەیانکەین بەدۆستی خۆمان .

کوردستان ناچێتە سەر مەریخ . ئەو هەر لەشوێنی خۆی دەمێنێ و خەڵکەکەی پەنا نابەنە بەر ئیسڕائیل کە هیچ شتێک نیە پێکیانەوە ببەستێتەوه .

نە جوگڕافی و نە مێژوویی و نەئابوری .

بەڵکو لەگەڵ ئێمە دەبن  کە لەتەکیان وەستاوین و یارمەتیمان داون بۆ بەدیهێنانی خەون و ئاوات و بوونی نەتەوەییان. ئەوکات دەبنە کارەکتەری ئاوەدانی و ئارامی لەناوچەکەدا بە هاوبەشی لەگەڵ ئێمەدا .چونکە بەرژەواندییان بە دۆسایەتی و پەیوەندی باشیان لەگەڵ ئێمه دەستەبەر دەبێ نەک بە دژایەتی ئێمە .

ئەزمونی مێژوو پێمان دەڵێ ، لەداهاتودا ئەوان تەقینەوەو خۆکوژمان بۆ نانێرن وەک برا عەرەب و موسوڵمانەکانمان کەبۆیان ناردین .

چونکە ئەوان هیچ کاتێ ئەوەیان نەکردووە.

چۆن ئەوە دەکەن کاتێک ئێمە پشتیوان و هاوکاریان بین ..

من دەزانم کە ئاوازم لەسەر ژێیەک ژەنیوە  پێشتر نەبیستراوە ،لەناو ژاوە ژاو و هەراو هۆریای هاها ..هاها….ها

بەڵام ئێستاش دەڵێم ،دڵم ژان دەکا کاتێک

کردەوەکانی داعش لەموسڵ و کارەکانی سوپای بێ ئابڕوی ئیسڕائیل لە فەلەستین و کاولکاری لە سوریاو سوتانی ڕومادی و لێکهەڵوەشانی عێراق دەبینم .

سەرم سوڕدەمێنێ لەو خزمەتەی پێشکەشی ئیسڕائیلی دەکەین.

دەزانم من ئاوازێکی نەشازم لەناو تیپەکەدا .

بەڵام مێژوی عەرەبیمان فێری کردوین کە ئاوازی نەشازی ئەمڕۆمان سرودی نیشتیمانیمانە لەداهاتوودا .

دەزانم وشەکانم دەبنە وروژێنەری خەم

و پەژارە لەدڵی نەوەکانی داهاتودا .

هەروەک پەژارەی زۆرمان چەشت چونکە باپیرانمان نیوەی فەلەستینیان بۆ وەرنەگرتین و تا ئاوارەو پێخاوس کەوتین لەناوەڕاستی ڕێگادا .

لە ئەیلولی تاریک دەچینەدەرێ و دەچینەناو نیسانی تاریکتر . لەمیش دەچینە دەرەوە بۆ سێیەم .

تاکەی ئاوا بەردەوام بین هۆ ئاقڵمەندانی نەتەوە ؟؟؟؟

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

نوسینی

د. محمد صالح الموسوی  

وەرگێڕانی بۆ کوردی

عمر محمود

پەیوەندیدار