ئێران: 125 کەس لە دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی دیاریکراون

بەرپرسێکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، تاران 125 کەسی وەک تۆمەتبار و گومانلێکراو لەدۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران  دیاریکردوە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکاش لەسەروی لیستەکە دایە.

کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لەلێدوانێکدا باسی لەوەشکردوە، ئامانجی ئێران لەئامادەکردنی ئەو لیستە بونی هاوکارییە لەگەڵ عێراق بەوهۆکارەی روداوەکە لەو وڵاتەدا رویداوە، بۆ ئەوەی سەرجەم تۆمەتبار و گومانلێکراوانی کوژرانی قاسم سولەیمانی رادەستی دادگا و دادپەروەری بکرێن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لەسەروی لیستی وڵاتەکەیان دایە لەم دۆسییەدا، چونکە ئەو لەلێدوانێکدا دانیناوە کە “ئەم کردەوە تیرۆرستیە بەفەرمانی ئەو کراوە و وەک شانازییەک بۆ خۆی باسی کرد، ئەو وتارەشی دەبێتە بەڵگەیەک لە دادگای نێودەوڵەتی، ئەم تاوانەش لەکاتێکدایە حاجی قاسم یەکێک بوە لە سەرکردەکانی روبەڕوبونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا”.

دوێنێش سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بڵاویکردەوە، نامەیەکیان ئاڕاستەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان کردوە و داوایانکردوە بڕیارێک دەربکات بەمەبەستی ئیدانەکردنی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران.

شه‌وی 3ی كانونی دوه‌می 2020، له‌ هێرشێكی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مریكی، قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەھدی موھەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا كوژران.

پەیوەندیدار