سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا کۆچی دواییکرد

سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئیتاڵیا، کۆچی دواییکرد.

دەیڤید ساسۆلی تەمەن 65 ساڵ، بە رەگەز ئیتاڵی، ماوەی چەند ساڵێک بوو تووشی شێرپەنجەی خوێن بووبوو. رۆژی 26-12-2021 لەدوای تێكچوونی تەندروستی لە یەکێك لە نەخۆشخانەکانی ئیتاڵیا خەوێندرا و بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 11-1-2022 لە ناوەندی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە شاری ئاڤیانۆی ئیتاڵیا، کۆچی دواییکرد.

رۆبێرتۆ کۆیلۆ، گوتەبێژی ساسۆلی لە تویتەر نووسیویەتی: “دەیڤد ساسۆلی، سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لە کاژێر 01:15 خولەکی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی کانوونی دووەم، کە لە ناوەندی چارەسەرکردنی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی شاری ئاڤیانۆی ئیتاڵیا خەوێندرابوو، کۆچی دوایی کرد”.

گوتەبێژی ساسۆلی هەروەها نووسیویەتی: “رۆژ و شوێنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە لە چەند کاژێری داهاتووتدا رادەگەیێندرێت”.

پێشتریش لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021 تەندروستیی ساسۆلی تێکچووبوو کە ناچاری کرد بۆ چەند هەفتەیەک لە کاری پەرلەمانی دووربکەوێتەوە.

هەرچەندە وادەی سەرۆکایەتیی ساسۆلی بۆ پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لەم مانگەدا کۆتایی دەهات و سەرباری ئەوەی سەرجەم لایەنەکان پشتگیرییان لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی دەکرد، بەڵام خودی ساسۆلی بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، رایگەیاندبوو خۆی بۆ پۆستەکە بەربژێر ناکاتەوە.

دەیڤد ساسۆلی ئەندامی، هاوپەیمانیێتیی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی بوو، کە دووەم گەورەترین فراکسیۆنی نێو پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپایە، لەدوای پارتی “گەلی ئەوروپا”ی میانگیر.

ساسۆلی سەرەتای ژیانی پیشەیی بە پێشکیشکاری میدیایی لە کەناڵێکی ئیتاڵیا دەستپێکرد، دواتر چووە نێو گۆڕەپانی سیاسییەوە. لە ساڵی 2019 بە سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا هەڵبژێردرا.

پەیوەندیدار