سەرۆكی كۆمەڵەی پاڵپشتی كردنی نەخۆشانی گورچیلە لە كرماشان دەڵێت، عیراق بووەتە بازاڕی ئێرانییە هەژارەكان بۆ فرۆشتنی گورچیلەیان بە نرخێكی زیاتر و بە دۆلار.
حسێن بیكلری سەرۆكی كۆمەڵەی پاڵپشتی كردنی نەخۆشانی گورچیلە لە كرماشان بە ماڵپەڕی “ئێران ئینتەرناشناڵ”ی وتووە، هەندێك لە هاوڵاتییە هەژارەكانی ئێران دەیانەوێت گورچیلەی خۆیان بفرۆشن، بۆ ئەوەش دەچنە عیراق و بە نرخێكی زیاتر و بە دۆلار دەیفرۆشن.
رونیشیكردووەتەوە، چونكە پێیان وایە لە ئێران نرخەكەی كەمە و دەڵێن كە دەچن لە عیراق دەیفرۆشن، سەرەڕای زیادبوونی ئەوانەی كە پێویستیان بە گورچیلەیە ژمارەی نەشتەرگەرییەكان بۆ گواستنەوەی گورچیلە كەمبووەتەوە، چونكە هاوڵاتیان بەهۆی گرانییەكەیەوە ناتوانن پارەكەی دابین بكەن.
لای خۆشیەوە هۆشەنگ رەزوان بەنا سەرۆكی كۆمەڵەی پاڵپشتی نەخۆشانی گورچیلە لە گەیلان وتویەتی، بەهۆی هەژاری و كێشەی داراییەوە، ژمارەی ئەوانەی گورچیلەی خۆیان دەفرۆشن زیادی كردووە.
ماڵپەڕەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، نرخی یەك گورچیلە بەپێی گرێبەستی كۆمەڵگە پزیشكییەكان گەیشتووەتە 80 ملیۆن تمەن، بەڵام لە دەرەوە زیاتر دەكات و دەگاتە 150 بۆ 300 ملیۆن تمەن.