دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیارێکی لەبارەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانەوە دا

دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا، پێداچوونەوە بە تانەکانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ ٢٥ی ئەم مانگە دوابخات.
چاوەڕاندەکرا ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، پێداچوونە بۆ ئەو تانانە بکات کە لەبارەی نادەستوورییەتی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانەوە تۆمار کرابوون، بەڵام دادگاکە بڕیاریدا بۆ ٢٥ی ئەم مانگەی دوابخات.
دوای ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەم، یەکەم دانیشتنی خولی پەرلەمانیی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٩ی ئەم مانگە ئەنجام درا و لە دانیشتنەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی ھەڵبژێردران.
لە پێشتردا، نوسینگەی دادگای باڵای فیدراڵی بڵاویکردبووەوە، کە دادگای باڵای فیدراڵی رۆژی ١٩ی مانگ کۆدەبێتەوە و لە میانیدا پێداچوونە بەو دوو تانەیەدا دەکات کە لەلایەن ھەریەک لە باسم خەزعەل خەشان و مەحمود داود سەلمان لەسەر سەرۆکی پەرلەمان و نادەستوریی یەکەم دانیشتنی خولەکە تۆمار کراون.
رۆژی ١٣ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا، کارەکانی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەشێوەیەکی کاتی رابگرێت.
دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، باسم خەزعەل خەشان ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پاساوی ئەوەی کە دانیشتنەکە و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی نایاسایی بوون، سکاڵای لە دادگا تۆمار کرد.
پێویستە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەر لە ٨ی مانگی شوباتی داھاتوو، ئەو تانانە یەکلایی بکاتەوە کە لەبارەی لەبارەی نادەستوریی یەکەم دانیشتنی خولەکەوە تۆمار کراون، چونکە بەپێی بەپێی خاڵی /ب لە بڕگەی دووەم لە ماددەی ٧٢ی دەستوری ھەمیشەیی عێراق، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژدا لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆک کۆمار لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی پێبدرێت.

پەیوەندیدار