هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌یاننامه‌یه‌كی له‌باره‌ی رووداوه‌كانی گرتووخانه‌ی غوێران بڵاوكرده‌وه‌

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەڵێت؛ هەوڵی ئەمجارەی داعش بۆ هەڵاتن لە گرتوخانەکەی حەسەکە هیچ هەڕەشەیەک لەسەر عێراق و ناوچەکە دروست ناکات و جەختیش دەکاتەوە لەوەی  هێرشە بێ ئەنجامەکانی چەند رۆژی رابردووی داعش، ئەو رێکخراوە لاوازتر دەکەن.

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەی سەر زیندانێکی چەکدارانی داعش لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاندوە؛ داعش لە 20ی کانوونی دووەم هێرشێکی ئاڵۆزی لە حەسەکە بۆسەر گرتووخانەی شارەکە ئەنجامدا، بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و ناوچەکەیان گەمارۆدا و بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و چاودێری و بۆردوومانی ئاسمانی، هەسەدە توانیی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات”.

 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت: هێزەکانی هاوپەیمانان چاودێریی دۆخەکەیان کردووە و بە وردی گورزی ئاسمانییان لە چەکدارانی سەر باڵەخانەکانی نزیک گرتووخانەکە وەشاندووە، جگە لەوەش  ئەندامەکانی داعش لەنێو زیندانەکە دەستیان بەسەر چەکی پاسەوانەکاندا گرتووە و دواتر هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرای سەر بە هەسەدە، بەڵام دواتر لە ئەنجامی هێرشی هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کوژران.

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی باس لەوە دەکات، هەوڵی ئەمجارەی داعش بۆ هەڵاتن لە گرتووخانەکە هیچ هەڕەشەیەک لەسەر عێراق و ناوچەکە دروست ناکات و هەروەها بەردەوام دەبن لە هەڵسەنگاندنی زیاتر و دڵنیابوونەوە لەوەی ئایا داعش بەنیازی هێرشی دیکەی هاوشێوەیە بۆ سەر گرتووخانەکان لە عێراق و سووریا یاخود نا.

 ئاماژە بەوەشکراوە، ئێستاش داعش هەڕەشەیە، بەڵام ئەو هێزەی نەماوە کە پێشتر هەیبوو، بۆیە بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردن و هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە عێراق و سووریا بۆ روبەڕوبونەوەی داعش.

ز.س

پەیوەندیدار