کامێراکانی زیندانێکی دیکەی ئێران هاککران

گروپی هاککەری “عەدالەتی عەلی” هاککردنی کامێراکانی زیندانی قزڵحەساری کەرەجی ڕاگەیاند، ئەم گروپە پێشتریش کامێراکانی زیندانی ئێڤینی تارانی هاککردبو.

لە ماوەکانی ڕابردو، گروپی هاککەری “عەدالەتی عەلی”، کامێراکانی زیندانی ئێڤین و کەناڵەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێرانی هاککردبو، ئەمڕۆش، ڕایگەیاند کە کامێراکانی زیندانی قزڵحەساری کەرەجی هاککردوە.

لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، گروپە سایبێرییەکە، ڤیدیۆی کاتی هاککردنی زیندانەکەشی بڵاوکردوەتەوە و ڕایگەیاندوە: “کامێراکانی زیندانی قزڵحەسارمان هاککرد، تا زوڵم و سەرکوتەکانی دەسەڵات لە زیندانێکی ترسناکی دیکە ئاشکرا بکەین و نەهێڵین بشاردرێتەوە و دوبارە بێتەوە”.

ئەم گروپە ڕاشیگەیاندوە، کە دەستی گەیشتوە بە هەندێک بەڵگەی نهێنی لەسەر دەستگیرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی پایزی ساڵی 2019ی ئێران.

یەکێک لە بەڵگەکان، ناوی هەزار و 846 دەستگیرکراوی ئەو کاتەی تێدایە، کە سزای زیندانی لە یەک مانگ بۆ 10 ساڵیان بەسەردا سەپاوە، ژمارەیەکیشیان سزای قامچیلێدانیان بۆ دەرچوە.

گروپە هاککرییەکە، هاوینی ئەمساڵیش، کامێراکانی زیندانی ئێڤینی تارانی هاککردبو و شێوازەکانی ئەشکەنجەدانی زیندانیانی ئاشکراکردبو، لە ڕۆژانی ڕابردوش چەند کەناڵێکی ڕادیۆ تەلەفزیۆنی ئێرانی هاککرد و دروشمی دژی دەسەڵات بڵاوکردەوە.

پەیوەندیدار