چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان، دەستپێشخەرییەکی سێ خاڵی راگەیاند، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ عێراق.
بەپێی راگەیێندراوێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە خاڵی یەکەمی دەستپێشخەرییەکەدا هاتووە، داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان و کەسایەتییە نیشتمانییەکان دەکەین بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندی و گفتوگۆ لەپێناو بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکان و تەواوکردنی پێگە سیاسییەکان بەشێوەیەک کە هاوبەشیی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەدی بهێنێت.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکهاتووە لە دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالکی، هاوپەیمانیی فەتح، بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، هاوپەیمانیی هێزی دەوڵەت (عەمار حەکیم و حەیدەر عەبادی) و بزووتنەوەی عەتا، بە سەرۆکایەتیی فالح فەییاز، بزووتنەوەی حقوق (باڵی سیاسی کەتائیب حزبوڵڵا) و حیزبی فەزیلە.
لە خاڵی دووەمی دەستپێشخەرییەکەدا هاتووە، پاش لێکدانەوەی کۆتایی دادگەی فیدراڵی پەیوەست بە وادەی گەورەترین فراکسیۆن، کە ماوەیەکی زیاتری دایە لایەنەکان، پێویستە وەبەرهێنان لەمەدا بکەین بۆ لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ و سەرخستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی و لەنێوبردنی ئەو پڕۆژانەی دەیانەوێت زیان بە سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی وڵات و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بگەیێنن، بۆیە ئێمە دەستمان بۆ هەموو هێزە سیاسییە بایەخدەرەکان درێژ دەکەین بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن لە رووی ژمارەوە. داوا لە برایانمان لە رەوتی سەدر و لایەنە سیاسییەکانی دیکە و پەرلەمانتارانی دیکەی سەربەخۆ دەکەین، بۆ دانیشتن و دیدار و گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن لە رووی ژمارەوە بەشێوەیەکی نوێ، لەپێناو خزمەتی نیشتمان و پێکهاتەی هەرە گەورەی نیشتماندا، بەشێوەیەک کە تێیدا دووربکەوینەوە لە لۆژیکی پشک پشککاری و دابەشکردنی دەستکەوتەکان و پشت بە پێوانەی لێهاتوویی و لێبڕاوی لە خزمەتی گشتیدا ببەستین.
لە خاڵی سێیەمدا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژەی بەوەکردووە، رێککەوتنی گەورەترین فراکسیۆن لەسەر دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانێکی بەهێز، لێهاتوو و دانا، کە توانای تێپەڕاندنی قۆناخەکەی هەبێت و تایبەتمەندییەکانی پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەبێت بەپێی مەرجەکانی دەستپاکی و لێهاتوویی تا بتوانێت پارێزگاری لە بڕیاری سەروەری بکات و ئاسایش و سەربەخۆیی عێراق بپارێزێت و توانای بڕیاردانی ستراتیژی هەبێت بۆ هەڵسانەوەی کەرتە جیاوازەکانی وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی و بەرهەمی نێوخۆیی و کەرتی تایبەت لەپێناو نەهێشتنی بێکاری کە هەڕەشە لە گەنجان و دەرچووانی وڵات و خاوەن خێزانە هەژارەکان دەکات.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کۆتاییدا رایگەیاندووە ئامادەن بۆ کارلێکی ئەرێنی تەواو لەگەڵ هەموو دەستپێشخەری و بۆچوون و تێڕوانینەکان لەپێناو کۆتاییهێنانی بە بنبەستی سیاسی لە وڵاتدا.
رۆژی شەممەی رابردوو فراکسیۆنی سەدر بڕیاریدا سەرجەم دانوستاندنەکان لەگەڵ لایەنەکان رابگرێت و بەشداریکردنی پەرلەمانتارەکانیشی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان تاوەکو کاتێکی نادیار سڕکرد.