ئەمریکا ژمارەیەك سەربازی وڵاتەکەی لە ئۆکراینا دەکشێنێتەوە

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە بڕیاری کشاندنەوەی ١٦٠ سەربازی وڵاتەکەی لە ئۆکراینا و دووبارە بڵاوەپێکردنیان لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا دەرکردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) جۆن کێربی لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرای كردووە: ١٦٠ سەربازی ئەمریکی سەربە یەکەکەکانی پاسەوانی نیشتمانیی لە ویلایەتی فلۆریدا کە لە ئۆکراینا ئەرکیان پێسپێردرابوو، ئەو وڵاتە جێدەهێڵن.

وتویەتیشی: ئەو سەربازانە کە لەوەتەی تشرینی یەکەمی رابردووەوە لەسەر خاکی ئۆکراینا ئەرکدارکرابوون، وەک رێکاری ناچاریی ئەو وڵاتە جێدەهێڵن و دووبارە لە چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپا بڵاودەکرێنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشتر داوای لە کارمەندانی دیپلۆماتی وڵاتەکەی لە ئۆکراینا کردبوو کە ئەو وڵاتە جێبھێڵن.

شایەنی باسە رۆژی هەینی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، جەیک سولیڤان رایگەیاندبوو “لەوانەیە لە ھەر ئان و ساتێکدا داگیرکاریی ئۆکراینا دەستپێبکات”، هاوکات داوای لە هاووڵاتییانی ئەمریکا کردبوو کە دەستبەجێ ئۆکراینا جێبهێڵن و راشیگەیاندبوو کە لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە، واشنتۆن ئۆپەراسیۆنی دەربازکردن ئەنجام نادات.

پەیوەندیدار