سەرۆك كۆماری عێراق لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و داوا دەكات دیالۆگی بەپەلە لە نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێت”.
ئەمرۆ پێنجشەممە 17-2-2022 بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە،”پێویستە گفتوگۆی جددی و بەپەلە لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت،ئەوەش لەپێناو دۆزینەوەی میكانزمی گونجاو و واقعی بۆ ئەوەی كە دادگای باڵای فیدراڵی دەیەوێت، بەشێوەیەك كە مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم عیراقیەكان پارێزراو بێت”.
ئاماژەی بەوەشداوە،”ئەوەش لە رێگەی بەكارهێنانی داهاتەكان لە خزمەتی هاوڵاتیاندا دوور لە گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن”.
ئەوەش لەكاتێكدایە، رۆژی سێشەممە دادگای فیدڕاڵی عێراق فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆی هەرێمی کوردستانی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بە نادەستوریی ناوبرد و داوای رادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەکات.