دوای تێپەڕبونی حەوت رۆژ بەسەر هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا، تائێستا روسیا نەیتوانیوە گەورە شارەکانی ئەو وڵاتە کۆنتڕۆڵ بکات، شەڕو روبەڕوبونەوەش بەردەوامی هەیە و ژمارەی قوربانیانیش بەردەوامە لە بەرزبونەوە، کاردانەوەکانیش بۆ جەنگەکە بەردەوامی هەیە.
لە حەوتەم رۆژی جەنگەکەدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شارۆچکەی خێرسۆن لە باشوری ئۆکرانیا لەلایەن سوپای روسیاوە دەستیبەسەرداگیرا، هەریەک لە شارەکانی کێڤی پایتەخت و خارکێڤی دووەم گەورە شاری ئۆکرانیا لەژێر بۆردومان و روبەڕوبونەوەی چڕدان.
کاردانەوە سیاسی و ئابورییەکانیش بۆ جەنگەکە بەردەوامی هەیە، کۆشکی کرملین بە فەرمانی پوتین بڕی (10) ملیار دۆلاری تەرخانکرد بۆ کڕینەوەی ئەو کۆمپانیایانەی کەوتونەتە ژێر سزاکان، هەروەک جەختیشی کردۆتەوە هیچ روسییەک مافی ئەوەی نیە لە (10) هەزار دۆلار زیاتر ببیاتە دەرەوەی وڵات.
لێدوانی هەردو بەرەی روسیا و ئۆکرانیا لە دژی یەکتر بەردەوامی هەیە، بەپێی قسەی سەرۆکی ئۆکرانیابێت تا ئەمڕۆ شەش هەزار سەربازی روسیا کوژراون، وەزارەتی بەرگری روسیاش دەڵێت: 47 فڕۆکەی ئۆکرانیمان تێکشکاندووە و هێزەکانمان بەردەوامن لەپێشڕەوی.
هاوکات بەرپرسانی ئەمنی ئۆکرانیا، بڵاویانکردەوە کە سەرۆک زێلێنیسکی لە هەولێکی تیرۆرکردن رزگاری بووە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزێکی تایبەتی چیچانی بۆ ئەو کارە راسپێردرابوون.