لە رۆژی 8ی مارس دا، بەداخەوە لەبری ناردنی چەپكەگوڵی ژیاندۆستی و یەكسانی، دەبێت دێری پیرۆزباییەكانمان بە هەواڵی كوشتنی ژنێكی دیكە دەست پێ بكەین. بەڵام ئەوەی نائومێدمان ناكات بەردەوامی كاروانی خەبات و تێكۆشانی ئازادیخوازانی ژنان و مرۆڤە یەکسانیخوازەکانی كۆمەڵگەكەمانە، كە تا زیاتر بە ناهەقی خوێنی ژنان دەڕژێت، ئەوان سورترن لەسەر چەمكی بەها جوانەكانی ژیاندۆستی و ئازادی و بارانبەری .
لە 8ی مارسدا پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی كوردستان و جیهان دەكەین، هەڵوێستمان دوپات دەكەینەوە كە هەمیشە شان بەشانی ژنانی تێكۆشەر لە خەبات و هەوڵەكانی ئازادی ژنان و كۆتایی هێنان بە توندوتیژی بەردەوام بین.
لێرەدا دەمانەوێت ئەوەش بڵێین كە جێگەی داخە عەقڵی كۆنەپەرستی و داخراو لەناو كایەی سیاسی و جڤاکی و رەنگدانەوەی هەیە، هێشتا دەسەڵاتی دادوەری نەچەسپاوە بۆ لێپرسینەوە لەو كەسانەی رۆژانە بێ تاوان ژن تیرۆر دەكەن و ژن دەسوتێنن و رووبەرووی مەرگیان دەكەنەوە .
بەداخەوە لەماوەی دوومانگی رابردوو (10) ژن لەكوردستاندا بە بێ تاوان كوژراون لایەنی دەسەڵاتدار بەرپرسە لەو دۆسیانە كە تاوان دەرهەق بەژنان دەكرێت و هیچ هەڵوێستێكی جدی نابینین.
ئێمە لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، ئازادی ژنان و دەستەبەركردنی مافەكانیان بەهۆكاری بەختەوەری كۆمەڵگاو پێشكەوتن و نەهێشتنی نا بەرامبەری دەزانین، بێ ئازادی ژنان کۆمەڵگە ئازاد نابێ، مرۆڤ ئازاد نابێ ، کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و یەکسان بەدی نایێ. بۆ ئەوەی پیاوان و ژنان پێكەوە بەختەوەرو پێگەیشتووبن، پێویستە كۆیلایەتی و چەوساندنەوەی مرۆڤ نەمێنێت، نە پیاو نە ژن شایستەی هیچ جۆرە كۆیلایەتی و چەوساندنەوەیەك نین و دەبێت هەر لە منداڵیەوە وەك مرۆڤێكی خاوەن كەرامەت و ئازاد كچان و كوڕانمان پەروەردە بكەین.
نەفرەت لە توندوتیژی و ڕەشەکوژی دژ بە ژنان.
سڵاو بۆ گیانی ئازادیخوازانی رێگای یەكسانی جێندەری.
سەركەوتوو بێت خەباتی ژنان.
ئەنجومەنی گشتی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان