خلێفی کۆنترۆڵ لەدەستدەدات و دەچێتە ژووری جلگۆرینی ناوبژیوانان و هەڕەشەی کوشتن لە کارمەندێکی ڕیاڵ مەدریدیش دەکات.
ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکرد، پاش کۆتایی هاتنی یاری نێوان ڕیاڵ مەدرید و پاریس سان جێرمان، ناسر خلێفی سەرۆکی یانە پاریسییەکە شوێنی تایبەتی خۆی لە یاریگای سانتیاگۆ بەجێهێشتووە و چووەتە ژووری جلگۆڕینی ناوبژیوانان و بە شێوەیەکی ناشرین گفتوگۆی لەگەڵدا کردوون.
مارکا ئاشکراشیکردووە،ئەو کردارەی خلێفی بەرپرسانی ڕیاڵ مەدریدی نیگەرانکردووە و لە کاتی گفتوگۆی توند لەگەڵ ناوبژیوان، کارمەندێکی ڕیاڵ مەدرید ڤیدیۆی ڕوداوەکەی گرتووە، بەو هۆیەشەوە خلێفی هێرشی کردووەتە سەر کارمەندەکە و هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە، هاوکات لیۆناردۆ داوای سڕینەوەی ڤیدیۆکەی کردووە بەڵام کارمەندەکە ڕەتیکردووەتەوە ئەو کارە بکات ئەوەش ئاڵۆزی زیاتری درووستکردووە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پۆتراگینۆی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یانەی ڕیاڵ مەدرید چوونەوەتە نێو کێشەکە و هەوڵی خاوکردنەوەی گرژییەکەی کردووە و بەپێی مارکاش بڕیارە ڕیاڵ مەدرید ئەو گرتە ڤیدیۆییەکە پێشکەش بە یوفا بکات تا لێکۆڵینەوە لەو کردارە نابەجێیەی خلێفی بکەن.