ئەگەر برا بکوژەکەی ماریا من بوام.!

دادوەر: چیتر ئینکاری مەکە، بڵێ بزانم بۆچی ماریای خوشکت کوشت؟! – من: من نەمکوشتووە جەنابی دادوەر، بەخوا من نەبووم! + تۆ خۆت لە تیڤی دانت بەوەیا نا کە چەند فیشەکێکت لێداوە، ئێستە بۆ دەڵێی من نەبووم؟ – : ئاخر جەنابی دادوەر من لە تیڤی ھەر دەرفەتی گێڕانەوەی ڕووی دەرەوەی ڕووداوەکەم ھەبوو، بەڵام ئەوەی لە ناواخنی ڕوداوەکەدا بکوژە ھەر من نیم، بەڵکو ھەمووتانن! من تەنھا ئەوەم ئەنجامداوە کە ھەریەک لە ئێوە بە بیانوی ئەخلاق و شەرع و دین و کلتور و کۆمەڵگا لە منتان داوا دەکرد!! + : پاساو ڕیز مەکە و ڕوونتر بدوێ… – : جەنابی دادوەر، من درکم بەوە کردبوو کە ھەم خۆم و ھەم ماریا قوربانی ناو خێزانێکی ھەڵوەشاوین، قوربانی ناو سیستمێکی فەشەل و کۆمەڵگایەی داڕزاوین، بۆیە لە کاردانەوەکانی ماریا تێدەگەیشتم، قبوڵم بوو، خۆشمدەویست، برایەتیم بۆ دەکرد و بە ھەر نرخێ بوایە خەرجی ھەفتانەم بۆ پەیدا دەکرد تا ئیحتیاج نەبێ، بەڵام گەورەم تۆ چوزانی من بە ناو چیدا ھاتم تا گەیشتمە ئەوەی دەستم بچێتە خوێنی خوشکەکەم؟! + : بە ناو چیدا ھاتی و من چی نازانم؟؟ – : گەورەم تۆ پێش ئەوەی کوڕی دادگا و یاسا و چەکوشەکەی دەستت بیت، کوڕی نەریتی کۆمەڵگا دڵڕەقە شەرەفپارێزەکەتی، بۆیە تۆش لە جێگای من بوای ھەر ئەوەت دەکرد کە من کردم، چونکە دەروونی نەخۆشی کۆمەڵگەکەت تەنھا بە خوێنی ئەوانی تر ئارام دەگرێ، بۆیە دواجار تۆش دەگەیەننە ئەو باوەڕەی کە تەنھا ڕشتنی خوێن خەمڕەوێنە! جەنابی دادوەر من پاساو بۆ گزگلی و بودەڵەییم ناھێنمەوە، بەس بە خوێنی ماریا قەصەم، ھەر یەکێک لە ئێوەش دەمانچەیەکی بەتاڵتان لەبەر پشتە کە پڕکردنی لە فیشەک و بەتاڵکردنەوەی لە ئازیزانتاندا تەنھا لەسەر بەرکەوتنی ئەو دۆخانە وەستاوە کە دەروونتان بەریدەکەوێ! + چۆن؟؟ – : سەیرکە جەنابی دادوەر،، ئێمە کە لە دایکدەبین دەمانچەیەکی بەتاڵین، ئەوە ژینگەی سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییە کە فیشەک فیشەک پڕمان دەکا و میلمان دێنێتەوە تا لە خاڵێکا بتەقینەوە! وەک وتم من ماریای خوشکم خۆشدەویست و ڕازی بووم بەوەی بە ئازادی خۆیەوە بژی، بەڵام کاتێ زەمەنێک گوێت لە مامۆستای ئایینی دەبێ کە ھەفتانە بە موکەبیرە ھاوار دەکا ھەر کەس بەرپرس و چاودێر و تەمێکەری خوشک و دایک و ڕەعیەتەکەی نەبێ گەوادە، دەیوپە، بێ غیرەتە، بێ شەرەفە….. ئێ حەتمەن دواجار فیشەکێک دەخاتە دەمانچەی کەللەتەوە و بیری کوشتن بۆ کڕینەوەی شەرەف لە سەرتدا سەوز دەکا! کاتێ باب و مام و خاڵ و خزم و خوێش، دەمارە بۆگەنەکەی پیاوەتییان بەرگەی ئازادی مێینەیەک ناگرێت و لە ھەمبەر ئازادی خوشکەکەت، بەردەوام وەک چاوشۆڕ و نەفس نزم و ترسنۆک لۆمەت دەکەن، ئێ حەتمەن ئەوانیش فیشەکێکت دەخزێننە یەدەگی کەللەتەوە و گەرمت دەکەن! کاتێک شوێندەستی ساختە و شێواوی شێڵتەر و سەنتەرەکانی ژن داڵدەدان، بە ئازادییە ڕەوا و ڕەسەنەکەی خوشکەکەتەوە دەبینی، خەباسەتی ئەوانیش فیشەکێک دەخاتە سەر فیشەکەکانی تر! لە ھەمووی کارەساتر فیشەکی لۆمەی کۆمەڵایەتییە، کاتێک بازاڕ، کۆڵان، کۆمەڵگەیەک لە ھەموو چین و توێژێک، لەشکرێک لە کۆمێنتنووسی دەمپیسی جوێنفرۆشی ناوگەڵپەرست، لە ژێر ڤیدیۆی گۆرانییەکی خۆش، سەمایەکی جوان، جگەرەکێشانێکی شەخسی بێ زیانی خوشکەکەت دەبینی، کە تێکڕا بە قەحپە و بەرەڵا و بێ خاوەن وەسفی دەکەن و باب و براشی بە گەواد و بێ غیرەت و نەفس نزم ناوەزەد دەکەن، ئێ بێ شک زیاد لە فیشەکێ ئیزافە دەکەن بۆ یەدەگە گەرمداھاتووەکەی کەللەت، چونکە بە جددی ھەست دەکەی تێگەیشتنی تۆ غەریبە و فیعلەن زۆرینە ڕاستەکەن تۆ بێ غیرەت و گەوادی!! ئا لێرەوە کاتی ئەوە دێ، کە ھەموو ئەو فیشەکە مەعنەویانەی موددەتێکە ئێوە دەیانخەنە کەللەمدا، ئیتر من بیانگوازمەوە بۆ دەمانچەیەکی ئاسایی، تا ئەو کارە تەواو بکەم کە ئێوە لە مندا دەستتانپێکرد!! بۆ ئەو مەبەستەش ھیچ شتێک لە کڕینی چەکێک ئاسانتر نییە لە بازاڕی بەرەڵا و بێ حەشر و نەشری کوردیدا، بەڵێ ھیچ شتێک لە دەستخستنی دەمانچەیەک سەھلتر نییە لە سەرزەمینێک کە تیایدا حزب دەنگ و ئیرادەی خەڵک بە دەمانچە دەکڕدرێت و لە ھەڵبژاردنەکاندا لە جیاتی خزمەت دەمانچە دەبەشێتەوە بەسەر خەڵکدا!! بە گریانەوە، بە ھاوارەوە.. بەڵێ جەنابی دادوەر، ئێستە تێگەیشتی کە من بە تەنیا ئەو کارەم نەکردووە و ھەرھەمووتان بەشدارن بەو کۆمێنت و وشە فیشەک ئاساییانەی بە دەروونی منتانەوە نا تا من بینێم بە دڵی ماریاوە؟! ئێستە تێگەیشتی کە ھیچ کوژراوێک بە تەنیا یەک بکوژی نییە جەنااااااب؟؟ +: ئەمە ڕاستە، بەڵام بە داخەوە کە ئەمە ھیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە تۆ بکوژی و دەبێ سزای ئەو کارەت وەرگری! +: دەزانی چی گەورەم؟ تاکە شت کە دوای کوشتنی ماریا لێی دەترسێم نە سجنە نە سێدارە، من تەنھا لەوە دەترسێم عەفو بکرێم و بژیم، قەصەم بەو دەروونە وێرانەم دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانییەکەی ماریا، ھیچ سزایەک سەختر نییە لەوەی ڕێگە بدەن بژیم و لە شەقام و شەربەتخانەکان گوێم لە خوشکەکەم بێ!! تکا دەکەم، تو خودا، تو گیانی ماریا، تو ھەر شتێ کە موقەددەسە لاتان، بە ھەر نرخێ بووە جۆرێ لە مردنم پێ ڕەوا ببینن و مەھێڵن چیتر ژیان ئازارم بدا، دەروونم زۆر ھیلاکە جەنابی دادوەر، لێت دەپاڕێمەوە چیتر مەھێڵە ویژدان و ئاگاییم بە زیندوویی بمخۆن!! من زۆر بریندارم قوربان، بەخوا زۆر وێرانم، چونکە (( ھەندێ جار، ھەندێ کات، ئەوەی کە ھەتە نایبینی تا نەڕوات، ئەو لەلات، قەدری ھەبوونی نازانی)) بۆیە بیکەنە خاتری خوێنی ماریا ھەرچۆنێ ئازاربەخشە ئاوا بمکوژن، تەنھا لەم ئازاری ژیان و لەم دۆخی زیندوومانەوەیەدا ڕزگارم بکەن! دادوەر: ڕاستی من ناتوانم ئێستە ھەمان کاری بکوژانەی تۆ لەگەڵ تۆ بکەم و بتکوژم، بەڵام دەبێ تۆ لە ئینفرادیدا تەمەنت تەواو بکەی!! دەشزانم بە تەنیا سزادانی تۆ کارێکی ناعادیلانەیە، بەڵام دەی دواجار ناتتوانین ھەموو خەڵک سزا بدەین و بیانخەینە ئینفیرادییەوە، خۆ دەشزانم زۆر گەوجانە و بێ باکانەیە ئەخلاقیاتی مرۆڤ بدەیتەوە دەست ویژدانی خۆی و چاوەڕێ بی خۆی خۆی بکا بە مرۆڤ!!… ئیتر..

دیار محەمەد

پەیوەندیدار