شەوی رابردوو هێرشی مووشەكی كرایە سەر هەولێر،رۆژنامەیەكی ئەمریكیش ئاشكرایدەكات،”هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر، لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراوە.
رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریكی لە زاری بەرپرسانی ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە،”ئەو موشەكانەی بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە 13-3-2022 ئاڕاستەی هەرێمی كوردستان كران و لە نزیك باڵەخانەی كۆنسوڵخانە نوێكەی ئەمریكا كەوتنە خوارەوە لە ئێرانەوە ئاڕاستە كراون”.
هیچ كام لە موشەكەكان بەر باڵەخانەی كۆنسوڵخانەكە نەكەوتوون و هیچ زیانێكی گیانیش بەر كارمەندانی كونسوڵخانەكە نەكەوتووە، تاوەكو ئێستاش دڵنیا نین ئامانجی سەرەكی هێرشەكە كوێ و چی بووە و لێكۆڵینەوەش لە هێرشەكە تەواو نەبووە.
هەر بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە ئەمریكیانە،”دەكرێت هێرشە موشەكییەكە كاردانەوە بووبێت بۆ ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئیسرائیل كە رۆژی دووشەممەی رابردوو كردیە سەر ئامانجێكی ئێران لە سوریا و بەو هۆیەوە دوو ئەندامی سوپای پاسداران كوژران”.
جێگەی باسە، شەوی ڕابردوو 12 مووشەكی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەكانی دەرەوەی عێراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاڕاستەی باڵەخانەی نوێی كۆنسوڵخانەی ئەمریكی لە هەولێر كران و ناوچە مەدەنی نشینی نزیك بارەگای كەناڵی كوردستان 24 و دەوروبەری بەر هێرشەكە كەوتن.