کۆشکی سپی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر رایگهیاند، ئەمریکا ئامانجی هێرشەکە نەبووە.
جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، واشنتن پێیوایە ئەو گرژییانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە لایەن ئێران، کۆریای باکوور و چینەوە هەڵکشانیان بەخۆوە بینیوە، پەیوەندییان بە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرایناوە نییە.
وتیشی: “هیچ کارمەندێک یان ستافێکی ئەمریکی لە هەولێر زیانی پێنەگەیشتووە و وەک خۆی دەڵێت ئەمریکا ئامانجی هێرشەکە نەبووە”.
هاوکات، کاتێک پرسیار لە جۆن کێربی، وتەبێژی پێنتاگۆن کرا لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر و ئەگەری ئەوەی کە ئەمریکا ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە بووبێت؛ وتی: “سوپای پاسداران رایگەیاندووە کە ئەوان کێیان بە ئامانج کردووە”.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 13ی ئازاری 2022، بە 12 مووشەک هێرش کرایە سەر هەولێر و سوپای پاسداران بەرپرسیاریێتییەکەی لە ئەستۆ گرت.
لەبارەی هۆکاری هێرشەکەوە سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە دا، “لە ئەنجامی تاوانەکانی ئەمدواییەی رژێمی ساختەی زایۆنی و راگەیاندنی پێشتر بەوەی کە ئەو تاوانانە بێ وەڵام نامێننەوە، شەوی رابردوو ناوەندی ستراتیژیی پیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوەی زایۆنیستەکان بە مووشەکە بەهێزەکانی سوپای پاسداران کرانە ئامانج”.
بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان پاساوەکەی پاسداران بۆ هێرشەکە بەبێ بنەما ناودەبات و دەڵێت: “بۆ شاردنەوەی تاوانە قێزەونەکەیانە”.
هێرشەکەی سەر شاری هەولێر، کە شوێنی سڤیلی کردە ئامانج، لەسەر ئاستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق، زۆر بە تووندی سەرکۆنەکرا، لێژنەی لێکۆڵینەوەش لەبارەی هێرشەکە و پاساوەکەی پاسداران بۆ هێرشەکە پێکهاتووە.