سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ پەسندکردنی پاکیجێکی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکراینا و پاکێجێکی سەپاندنی سزا بەسەر رووسیادا، سەرۆکی رووسیای بە “تاوانباری جەنگ” ناوبرد.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی جێهێشتنی بۆنەیەک لە واشنتن لەلایەن یەکێک لە رۆژنامەنووسەکان پریسیاری لێکرا کە ئایا پووتین “تاوانباری جەنگە”؟، سەرەتا بایدن بەباشی لە پرسیارەکە نەبوو، گوتی نەخێر.
دوای چەند خولەکێک بایدن گەڕایەوە لای رۆژنامەنووسەکە و پرسیاری کرد: “تۆ پرسیارت کرد ئاخۆ پووتین تاوانباری جەنگە؟، بایدن گوتی ئەگەر پرسیارەکەت ئەمە بێ، بەڵێ پێموایە پووتین تاوانباری جەنگە”.
بایدن پاکێجێکی سەربازی 1 ملیار دۆلاری بۆ ئۆکراینا رادەگەیێنێ
رۆژی چوارشەممە جۆ بایدن پاکێجێکی سەربازی یەک ملیار دۆلاری بۆ ئۆکراینا پەسندکرد، پاکێجەکە پێکهاتبوو لە سیستەمی دژە تانک و سیستەمی دژە فرۆکە، لەنێویاندا رۆکێتهاوێژەی ستینگەر و جاڤێلینس کە ئێستا سوپای ئۆکراینا بەشێوەیەکی بەرچاو لە شەڕدا بەکاریاندەهێنێت.
هاوکارییە سەربازییەکە بەشێکە لە پاکێجێکی دارایی بە بەهای 13.6 ملیار دۆلار بۆ ئۆکراینا، کە رۆژی سێشەممە بایدن واژۆی لەسەرکرد.
بایدن گوتیشی بەم بودجەیە ئەمریکا پێگەکەی باشتر دەبێت بۆ ئەوەی بەخێرایی بەهانای خەڵکی لێقەوماوی ئۆکرایناوە بچێت.
سێ هەفتەیە شەڕی ئۆکراینا دەستیپێکردووە، بەگوێرەی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3 ملیۆن خەڵك پەنابەر بوون، لەنێوخۆی وڵاتیشدا نزیکەی 2 ملیۆن کەس دەربەدەربوون، 596 کەسی سڤیلیش گیانیان لەدەستداوە.
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو جۆ بایدن بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ سەردانی برووکسل بکات و تەوەری سەرەکی لووتکەکەش دەربارەی شەڕی ئۆکراینایە.