شوێنی یاری نێوان عێراق و ئیمارات دیاری کرا

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، بەشێوەیەکی فەرمی بڕیارییان لەبارەی شوێنی بەڕێوەچوونی، یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئیمارات لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال دا.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت ” یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئیمارات لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا کە رۆژی 24ـی ئەم مانگە دەکرێت، لە ریازی پایتەختی سعودیە لە یاریگەی شا فەهدی نێودەوڵەتی بکرێت.”

بڕیاربوو یارییەکە لە بەغدا لە یاریگەی مەدینە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییەی لە ماوەی رابردوودا لە عێراق هاتووەتە پێشەوە، بڕیاردرا شوێنی یارییەکە گۆڕانکاریی تێدابکرێت.

فیدراسیۆنەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، بۆ پاراستنی سەلامەتی هەموو لایەک ئەو بڕیارە دراوە و دواتریش جارێکی دیکە هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی ئەمنی عێراق دەکەنەوە.

بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و هاندەران لەم بڕیارە نیگەرانن و لە ماوەی رابردوودا وەرگرتنەوەی مافی بەڕێوەبردنی یارییەکەیان لە بە‌غدا بە نادادپەروەر ناوبردووە.

بڕیاردان بۆ گواستنەوەی یاریی عێراق و ئیمارات لە کاتێکدایە شەوی هەینی، هەڵبژاردەی عێراق بە ئامادەبوونی زیاتر لە 25 هەزار هاندەر لە یاریگەی مەدینە لە بەغدا یارییەکی دۆستانەی بەرامبەر هەڵبژاردەی زامبیا کرد و بەشێوەیەکی سەرکەوتوو یارییەکەی بەڕێوەبرد، کە عێراق 3-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

عێراق ئێستا لە پلەی پێنجەمی کۆمەڵەی یەکەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالە و تەنیا دوو یاریی ماوە، یەکێکیان بەرامبەر ئیماراتە لە 24ـی ئەم مانگە و ئەوەی دیکەشیان بەرامبەر سوریا دەبێت لە 29ـی ئەم مانگە لە دوبەی.

پەیوەندیدار