بەپێی ماڵپەڕى نیوز ویک، لی یوچینگ، جێگری وەزیرى دەرەوەى چین سەرزەنشتی تێوەگلانى ئەمریکا دەکات لە ئاسیا و بەهێزکردنى هاوپەیمانیتییە بەرگرییە سەرەکییەکانى لەگەڵ ژاپۆن، کۆریای باشوور و چەند وڵاتێکی تر. هاوکات، هۆشداری داوە سەبارەت بە دروستکردنى هاوپەیمانێتی بچووکی ئەمنی چەند لایەنە، وەک QUAD کە لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان، هیندستان، ئوسترالیا و ژاپۆندا هەیە. یاخود، ئەو هاوپەیمانێتییەى لە نێوان ئەمریکا، بریتانیا و ئوسترالیادا هەیە و ناسراوە بە AUKUS.جێبەجێکردنى ستراتیجییەتێکی INDO-PACIFIC دەبێتە مایەى نانەوەى کێشە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبیتە هۆکارى پارچەپارچەکردنى ناوچەکە و دابەشبوون بەسەر چەندین بلۆکدا. ئەمەش، بە گوتەی ناوبراو، ترسناکە بە ئاستی ترسناکی ستراتیجییەتى ناتۆ بۆ بەرفراوانبون بەرەو رۆژهەڵات. ئەگەر بێتو رێگە بەمە بدرێت و چاودێری نەکرێت، ئەوا دەرئەنجامى چاوەڕواننەکراوی دەبێت و دواجاریش ASIA- PACIFIC دەکەوێتە لێوارى دۆخێکی ناخۆشەوە.هەروەها، بە گوێرەی ڕۆژنامەى People’s Liberation Army Daily، کە رۆژنامەیەکی فەرمی سوپا چینە، ئەمریکای تۆمەتبار کردووە سەبارەت بە بەهێزکردنى هاوپەیمانێتی هەواڵگریی Five Eyes، گەشەپێدانى QUAD و AUKUS. لەگەڵ ئەوەشدا، بووژاندنەوەى پەیماننامە بەرگرییە دوولایەنەکان. ئامانجی راستەقینەش، لە ستراتیجییەتى INDO-PACIFIC، بریتییە لە دروستکردنى هاوپمانێتییەکی هاوشێوەی ناتۆ. دەرئەنجامیش، بەردەوامیدانە بە هەژموونى ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئێستانیوز : بێستون لەتیف