وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن بە بەهای 300 ملیۆن دۆلاری دیکە هاوکاریی سەربازیی دەداتە ئۆکراینا و ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی وڵاتەکەیە. ئەو بڕە پارەیەش دەچێتە سەر ئەو 1.6 ملیار دۆلارە کە واشنتن لە سەرەتای هێرشی رووسیاوە بۆ سەر ئۆکراینا لە کۆتایی مانگی شوباتدا بۆی تەرخانکردووە.
ئەم پاکێجە هاوکاریی و سەربازییەی ئەمریکا سیستمی مووشەکی هاوپێچکراو بە لەیزەر، درۆن، تەقەمەنی، دووربینی شەو، پێداویستیی پزیشکی و زریپۆش لەخۆ دەگرێت.
هاوکات جۆن کێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەم بڕیارە پابەندبوونی ئەمریکا بە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا دووپاتدەکاتەوە و پاڵپشتیی لە سوپاکەی دەکات بۆ بەزاندنی سوپای رووسیا.
رۆژی چوارشەممە 30-2-2022 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا ئەنجامدا و لە دوای ئەوەش کۆشکی سپی رایگەیاند، هەردوو سەرۆکەکە قسەیان لەبارەی هاوکاریی زیاتر بۆ سوپای ئۆکراینا کردووە.
لە نیوەی مانگی ئاداردا، کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکی تێپەڕاند کە خۆی لە 13.6 ملیار دۆلار لە هاوکاریی مرۆیی و سەربازییدا بۆ هەریەکە لە ئۆکراینا و هاوپەیمانانی ناتۆ لە بەرەی رۆژهەڵات دەبینییەوە. هەر دوای ئەوە، بایدن بڕی یەک ملیار دۆلاری بۆ هاوکاریی سەربازیی ئۆکراینا راگەیاند.
یەکێک لەو تەکنەلۆژییانەی لەم پاکێجی هاوکارییانەی پێنتاگۆندا هاتووە، درۆنی تاکتیکییە کە دەتواندرێت لە دوورەوە کۆنتڕۆڵبکرێت و بەشێوەیەکی زیرەکانە ئامانجەکەی بدۆزێتەوە و خۆی پێیدا بکێشێت و بیتەقێنێتەوە.