لە چامپیۆنز لیگدا، مانچستەر سیتی یاری لوتکەی لە ئەتلەتیکۆ مەدرید بردنەوە و بەنفیکاش بە لیڤەرپوڵ دۆڕا.
لە یاری چوونی قۆناغی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، مانچستەر سیتی ئینگلیزی لە یاریگای ئیتیحاد، میوانداری ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی کرد.
مان سیتی خاوەن یاریگا و هاندەر، بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر یارییەکەی بردەوە و تاکە گۆڵەکەش کیڤن دی برۆین لە خولەکی 70دا تۆماریکرد
لە یارییەکی تردا، لیڤەرپوڵی ئینگلیزی لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا، ڕووبەڕووی بەنفیکای پورتوگالی بووەوە و لیڤەرپوڵی میوان، بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک یارییەکەی لە سودی خۆی کۆتایی پێهێنا.
گۆڵەکانی لیڤەرپوڵ ئیبراهیم کۆناتی و سادیۆ مانێ و لویس دیاز لە خولەکەکانی 17 و 34 و 88دا تۆماریانکرد، تاکە گۆڵەکەی بەنفیکاش لە خولەکی 49دا لەلایەن داروین نونێزەوە تۆمارکرا.
سبەینێ چوارشەممەش دوو یاری تری قۆناغەکە بەڕێوەدەچن، کاتژمێر 10ی شەو، چێڵسی ئینگلیزی هەڵگری نازناوی خولەکە، لە یاریگای ستامفۆرد بریجی تایبەت بەخۆی، ڕووبەڕووی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی دەبێتەوە و بایرن میونشنی ئەڵمانیش لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا، دەبێت بە میوانی ڤیاڕیاڵی ئیسپانی.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە 12 و 13ی مانگدا یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی خولەکە ئەنجامبدرێن و چارەنوسی یانەکان بە سەرکەوتن بۆ قۆناغی پێش کۆتایی یان بە ماڵئاوایکردن یەکلاببێتەوە.