بەرپرسێکی تەندروستیی عێراق دەڵێت، لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، دوای بەرکەوتنیان لەگەڵ مەڕوماڵاتی تووشبوو، حەوت کەس لە عێراق بەهۆی تای کۆنگۆوە گیانیان لەدەستداوە.
حوسێن ریاز، بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگەی زیقار دەڵێت “لە ساڵی رابردوو و ساڵانی سەرەتای ئەمساڵەوە، ئێمە مردنی حەوت کەسمان تۆمارکردووە، هەروەها تووشبوونی کەسێکی دیکەشمان تۆمارکردووە، کە لە پارێزگەی زیاقارە و بە سەختی نەخۆشکەوتووە.”
زیقار یەکێکە لەو پارێزگانەی باشووری عێراق کە بە سامانی ئاژەڵداریی وەکو مانگا، مەڕ و بزن بەناوبانگە، کە هەر هەموویان توانای تووشبوون و گواستنەوەی تای کۆنگۆیان هەیە.
ریاز دەڵێت هەموو ئەوانەی کە تووشی نەخۆشییە کوشندەکە بوون و گیانیان لەدەستداوە، ئاژەڵدارییان کردووە، گوتیشی دوایینجار کەسێک بەهۆیەوە گیانی لەدەستدابێت، سەرەتای ئەمساڵ بوو.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نەخۆشیەکە لە رێگەی کێچ و قاڵۆنچەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی تووند.
مرۆڤ زۆربەی کات دوای بەرکەوتنی بە خوێنی ئاژەڵی هەڵگری نەخۆشییەکە، تووشی دەبێت، بە تایبەتیش لە کاتی سەربڕینیان.
هەروەها دەکرێت لە نێوان مرۆڤیشەوە بگوازرێتەوە، ئەوەش لە رێگەی “بەرکەوتنی نزیک لەگەڵ خوێن، دەردراوەکانی لەش، ئەندامەکان یان ئەو شلانەی لە لەشی کەسی تووشبووەوە دەردەدرێن.”
رێژەی کوشندەیی نەخۆشییەکە لە نێوان 10 تاوەکو 40٪ دایە، واتە لە هەر 100 تووشبوو، 10 تاوەکو 40 کەسیان گیانیانلەدەستدەدەن.
ریاز ئاماژە بەوە دەکات کە چەند ساڵێک لەمەوبەر بۆ یەکەمینجار ئەم نەخۆشیە لە عێراق دەرکەوتووە و دواتر دیارنەماوە، بەڵام ساڵی رابردوو دووبارە دەرکەوتووەتەوە.
باسی لەوەش کرد ژمارەی ئاژەڵە تووشبووەکان نەزانراوە، بەڵام گوتی دەکرێت مەڕوماڵات “لە ناوچەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە گوێزرابنەوە بێ ئەوەی پشکنینی ڤێتەرنەری گونجاویان بۆ بکرێت.”
تامر حەبیب حەمزە، سەرۆکی بەشی ڤێتەرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی فیدڕالی، مردنی حەوت کەسەکەی پشتڕاستکردەوە.
گوتیشی “کاتێک ئێمە نەخۆشییەکە دەدۆزینەوە، دەرمانی قڕکەری مێروو دەپڕژێنین بۆ ئەوەی کێچ و قاڵۆنچەکانی سەر ئاژەڵەکان و سەر زەویش لە نێوببەین.”
سەیف ئەلبەدر، گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاندووە، “هەموو تووشبووەکان لە لایەن تەندروستیی عێراقەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تای کۆنگۆ پەتایێکی ناوچەییە و لە ئەفریقا، ئاسیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی بەلقان هەیە.
نیشانەکانی تای کۆنگۆ چین؟
- سەرئێشە
- گەرمەتای تووند
- پشتئێشە
- ئازاری جومگەکان
- ئازاری گەدە
- رشانەوە
- چاوبرژرانەوە
- سوورهەڵگەرانی دەموچاو
- سووربوونەوەی قورگ
- دەرکەوتنی خاڵی سووور لەسەر مەڵاشوو