مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە لە تویتێکدا دەڵێت، هێرشەکانی تورکیا “هەڕەشە لە ئاساییش و ئاشتی دەکەن و ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعشیش پەکدەخەن.”
مەزڵوم عەبدی دەشڵێت، تورکیا ئەو رێککەوتنە نێودەوڵەتییانەی بە بەشداریی وڵاتانی گەرەنتیکار واژۆکراون، بۆ دژایەتیکردنی “هەرێمەکەمان” پێشێلیان دەکات.
ئەوە لە کاتێکدایە کە رۆژی 20-4-2022 لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیادا لە کۆبانێ، سێ بەرپرسی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) گیانیان لەدەستدا.
مەزڵوم عەبدی لەو بارەیەوە نووسیویەتی: “بە ئامانجکردنی کۆبانێ، تۆپبارانکردنی خەڵکی سڤیلی بێگوناهـ و کوشتنی کەسایەتیی کارگێڕی لە رێگەی درۆنەوە بریتین لە دنەدان و هەڕەشەن بۆ سەر ئاساییش و ئاشتی، ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعشیش پەکدەخەن.”
یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ناسنامەی ئەو سێ کەسەیان بڵاوکردەوە کە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستدا و رایگەیاند، کاتێک بەر هێرشەکە کەوتوون لە ئەرکی خۆیاندا بوون و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لێیان دراوە و کراونەتە ئامانج.
بەگوێرەی ئەوەی کە یەپەژە بڵاویکردووەتەوە، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ئەمانەن:
– رانیا حەنان لە عەفرین لەدایکبووە و ناسراوە بە (دیلار حەلەب)
– رودین عەبدولقادر محەممەد، لە کۆبانێ لە دایکبووە و ناسراوە بە (روناهی کۆبانێ)
– جیهان نیداڵ عەلی لە کۆبانێ لەدایکبووەوە و ناسراوە بە (کۆبانێ)
ئەو سێ کەسە لە رۆژی 20-4-2022 لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیادا لە کۆبانێ گیانیان لەدەستدا رۆژی هەینی لە رێوڕەسمێکدا تەرمەکانیان هەر لەو شارەی رۆژئاوای کوردستان بەخاک سپێردرا.