لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە، گارۆ پایلان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە داوا دەکات تورکیا دان بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان بنێت.
بەبۆنەی 107مین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان کە لە رۆژی 24ی نیسانی 1915 و لەسەردەمی عوسمانییەکان روویدا، رۆژی 22ی نیسانی 2022، گارۆ پایلان، پەرلەمانتاری بە رەچەڵەک ئەرمەنی رەشنووسی پرۆژەیاسایەکی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد بۆ ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان و داوا دەکات تورکیا دان بەو کۆمەڵکوژییەدا بنێت.
گارۆ پایلان لە پێشەکی رەشنووسی پرۆژە یاساکەدا نوسیوویەتی: “107 ساڵە نکۆڵی لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دەکرێت لەم وڵاتە؛ تاکە کۆمەڵگە بتوانێت برینی کۆمەڵگەی ئەرمەنی ساڕێژ بکات، گەلی تورکیایە. تاکە پەرلەمانیش کە بتوانێت دادپەروەریی بۆ ئەم کارەساتە گەورەیە بهێنێتەدی، پەرلەمانی تورکیایە، بەهۆی ئەوەی ئەم کۆمەڵکوژییە لەم خاکەدا ئەنجامدراوە”.
گارۆ پایلان نوسیوویەتی: “گەلی ئەرمەن لە سەردەمی عوسمانییەکاندا پێکهاتەیەکی ئایینی و نەتەوەیی گرنگ بوون و خاوەن پێگەی تایبەت بوون” و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە گرووپێک لە سەرکردە سەربازییەکان کۆمەڵکوژییان کردووە و داوا دەکات، ناوی سەرجەم ئەو سەرکردە سەربازییانە و ئەفسەرە پلە باڵاکان کە ئەنجامدەری کۆمەڵکوژییەکە بوون لە دامەزراوە فەرمییەکان و شەقام و شوێنە گشتییەکاندا بسڕێتەوە.
کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لە ساڵی 1915 تاوەکو 1923 لەسەردەمی عوسمانییەکان ئەنجامدرا و بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە، تێیدا یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنی کوژران.
بە گوێرەی سەرچاوە مێژوییەکان، رۆژی 24ی نیسانی 1915 رێکخستنە تایبەتەکانی سەر بە کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی هەڵیانکووتایە سەر ماڵی 250 رۆشنبیر و کەسایەتیی ئەرمەنی و دوای زیندانیکردنیان، لە هەمان رۆژ هەموویان گوللـەباران کران. ئەمە سەرەتای کۆمەڵکوژی ئەرمەنی بوو.
تاوەکو ئێستا 39 حکومەت و پەرلەمانی وڵاتان، کۆمەڵێک رێکخراوی جیهانییش کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان بە جینۆساید ناساندووە.