ئیمانوێڵ ماکرۆن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسای بردەوە و بەسەر ڕکابەرە ناسیۆنالیستە ڕاستڕەوەکەیدا سەرکەوت.
میدیای فەرمی فەرەنسا بڵاویکردەوە، ماکرۆنی تەمەن ٤٤ ساڵ لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی فەرەنسا سەرکەوتنی بەدەستهێناو بۆ خولی دووەم بوویەوە بە سەرۆکی وڵات.
بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان، ماکرۆب لەسەدا ٥٨ و پۆینت دووی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، مارین لوپێنی تەمەن ٥٣ ساڵی ڕکابەریشی، لەسەدا ٤٢ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
تا کاتژمێر 5ی ئێوارەش ڕێژەی بەشداری لەسەدا ٦٣ و پۆینت ٢٣ بووە.
٤٨ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دەنگدەری فەرەنسی مافی دەنگدانیان هەبوو، کێبرکێکە بە زۆری لە نێوان ئیمانوێل ماکرۆن و مارین لۆپاندا بوو، بەوپێیەی لە گەڕی یەکەمی دەنگدانەکەدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا.
بەپێی نەریتی سیاسی فەرەنسا، لە ١٢ی مانگی ئایاردا ماکرۆن کە براوەی هەڵبژاردنە، لەسەر کورسی سەرۆکایەتی فەرەنسا لە کۆشکی ئەلیزێ دادەنیشێت، لە ١٢ بۆ ١٩ی حوزەیرانی ئەمساڵیش هەڵبژاردنی پەرلەمان لەو وڵاتە بەڕیوەدەچێت.