حزبی زەحمەتكێشان: پشتیوانی داواكاری خۆبەخشانی كەرتی تەندروستین

ماوەی چەند رۆژێكە خۆبەخشانی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان، گردبونەوەو خۆپیشاندانیان ئەنجام دا. لەم بارەیەوە (هەندرێن شێخ ڕاغب) بەرپرسی مەكتەبی جەماوەریەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە ئێستانیوزی راگەیاند: ئێمە ئاگادارین ساڵانێكی زۆرە خۆبەخشانی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان خزمەتی باش و بەرچاویان كردوە.

بۆیە حەقی خۆیانە داواكاریەكانیان جێبەجێ بكرێت و وەڵامی خواستەكانیان بدرێتەوە. ئێمە لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و مەكتەبی جەماوەرییەكان پشتیوانی تەواوی مافە پیشەیی و مەدەنی و شارستانیەكانی خۆبەخشانی كەرتی تەندروستین و خواستمان ئەوەیە وەزارەتی تەندروستی و سەندیكای پزیشكان و لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستان بێنە سەرخەت و داواكارییەكانی خۆبەخشانی كەرتی تەندروستی جێبەجێ بكەن.

ئێستانیوز : بێستون لەتیف

پەیوەندیدار