جەژنی یەکی ئایار لە کرێکارانی کوردستان پیرۆز بێت

  • کرێکاران
  • زەحمەتکێشان و رەنجدەرانی بیروبازو

بەبۆنەی یەكی ئایارەوە، كە رۆژی خەباتی نێونەتەوەییە ، بۆ دەڕبڕینی هاوكاری و پشتیوانی كرێكاران لە سەرانسەری جیهاندا، سڵاوی تێكۆشان ئاراستەی کرێکارانی جیهان بە گشتی و کرێکارانی کوردستان بە تایبەتی دەکەین، هەر لەم بۆنەیەدا سڵاو دەنێرین بۆ ڕەنجدەرانی بیروبازو و خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان‌و جیهان.
شایانی باسە کرێکاران لە کاتێکدا ئەو جەژنە پیرۆز ڕادەگرن کە جیهان و ناوچەکە لەبەردەم مەترسیەکی گەورەی شەڕدایە، شەڕی چەند مانگەی روسیا و ئۆکرانیا کە مەترسی ئەوەی لێدەکرێت پەل بکێشێت بۆ شەڕێکی گەورەتر لەگەڵ خۆیدا جیهان رووبەڕووی دیاردەی بێکاری، گرانی، نەبوونی هەلی کار، کۆچی بەلێشاو کردۆتە. کە گومانی تێدا نیە هەموو ئەو دیاردانەش بارە قورسەکەی دەکەوێتە سەرشانی کرێکاران و چینە زەحمەتکێشەکەی کۆمەڵگا.
لە لایەکی دیکەشەوە، کێشە ناوخۆییەکانی عیراق و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی تازە، کێشە بەردەوامەکانی بەغدا و هەرێم، لە ناویشیاندا پرسی هەڵواسراوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، هۆکارن بۆ ئەوەی بازاڕەکانی کار لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەقامگیری بەخۆوە نەبینن، کە ئەمەشیان ئەگەر چارەسەری بەپەلەی بۆ نەدۆزرێتەوە ئاسایشی ئابووری ناوچەکە دەکەوێتە مەترسیەوە.
لە ئاستی کوردستان و هەرێمیشدا، بەهۆی هێنانی هێزی کاری بیانی، کرێکارانی کوردستان زیاتر ڕوبەڕووی بێکاری زۆر کراوەتەوە، تا وای لێهاتووە کرێکاران و چینە زەحمەتکێشەکەی کۆمەڵگای کوردستان زۆر بە زەحمەت بتوانن قوتی رۆژانەی خێزانەکانیان دەستبکەوێت، ئەمە وێڕای ئەو گرانیەی کە بە هۆی نەبوونی کۆنترۆل و چاودێری سەر بازاڕ هەستی پیدەکرێت، هەروەها بوونی قۆرخکاری لە لایەن چینی سەرمایەدار و پارەدار لە کوردستان بوونەتە ئاریشە بۆ چینی کرێکاران .
لە نێو هەموو ئەو قەیرانانەدا ، نەبوونی سەندیکایەکی کارا کە بتوانێت نوێنەرایەتی ئەو چینە بەرفراوانەی کۆمەڵگا بکات بۆ داکۆکیکردن لە خواست و داخوازیەکانیان، بۆیە دەبینین تا ئێستا نەتواندراوە داخوازی کرێکاران لە دەرکردنی یاسایەكی گونجاو بۆ داکۆکیکردن لە مافە پیشەیەکانیان زامن بکرێت.
لەو یادە پیرۆزەدا حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان وەک ئەرکی سەرشانی خۆی داکۆکی لە ماف و داخوازی کرێکارانی کوردستان دەکات ، هەر لەو بۆنەیەشدا داوا دەکات کە هەرچی زووە پەرلەمانی کوردستان بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵسن لە دەرکردنی یاسایەکی کاری هاوچەرخ و شارستانی کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئەرک و مافی کرێکاران لە کەرتە گشتی و تایەبەتیەکان دیاری بکات.
لە ئێستاشدا حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ سوککردنی باری سەر شانی کرێکاران و زەحمەتکێشان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هەڵسن بە:

  • دابینکردنی هاوسەنگی لە نێوان ئاستی ژیان و داهاتی تاک.
  • رەخساندی هەلی کارى یەکسان لە کەرتە گشتی و تایبەتیەکان .
  • هەڵبژاردنێکی پیشەییانەی سەندیکای کرێکاران کە بە دوور بێت لە پشک پشکێنەوە دەست تێوەردانی حزبی.
  • کۆتایهێنان بە قۆرخکاری بازاڕ و سووککردنی باری سەرشانی کرێکاران و زەحمەتکێشان.
  • دابینکردنی مووچەی تەواو لە کاتی نەخۆش کەوتندا بۆ کرێکاران، قەرەبووکردنەوەیان لە لایەن خاوەن کار لە کاتی کارەسات و نەخۆش کەوتن.
    جارێکی دیکە پیرۆز بێت جەژنی یەکی ئایار

مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
١ ئایاری ٢٠٢٢

Bestun latef

پەیوەندیدار